پۆلیسی هەولێر: بکوژی دکتۆر دلێر ساڵح لە دیالە گیرا

:: PM:08:53:16/03/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 16ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە بکوژی دکتۆر دلێر ساڵح مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددینیان گرتووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە گەڕەکی (ئاری - شۆڕش) لە شاری هەولێر ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە مامۆستایەکی زانکۆ بە ناوی (دکتۆر دلێر ساڵح) کە سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیوتەر بوو لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەڵاحەددین، کوژراوە و تەرمەکەی و ماڵەکەشی سووتێنراوە.

پۆلیسی هەولێر ڕوونی کردەوە کە هەر زوو توانیویانە ناسنامەی تۆمەتبار دەستنیشان بکەن بە ناوی (ز. ع. ح. ع)، کە خەڵکی دیالەیە و لەدایکبووی ساڵی 2005ـە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیش، تۆمەتبار دوای کوشتنی دکتۆر دلێر، ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە و سەعات 12:39 خولەک شاری هەولێری جێهێشتووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو کە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کەرکووک و دیالە، سەعات پێنج و 30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، تۆمەتبار لە بازگەی (خان بەنی سەعد) لە دیالە بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەوە گیرا.

لە کۆتاییدا پۆلیس ئاماژەی بەوە داوە کە دواتر هاوئاهەنگی کراوە بۆ ئەوەی تۆمەتباری بکوژ بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان ڕادەستی دادگا بکرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود