ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕاپۆرتێكی لەبارەی نیگەرانییەكانی دۆخی گیراوان لە ناوچە جیاجیاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەردەبڕێ، ئاماژە بە چڕبوونەوەی پێشێلكارییەكانی مافەكانیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەكات.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەبارەی بارودۆخی گیروان لە گرتووخانەكانی ڕژێمی ئێران و چڕبوونەوەی پێشێلكارییەكانی مافەكانی گیراوان، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە و هۆشداریی دەدات و دەڵێ، لەگەڵ دەستپێكی جەنگی نێوان ئەمەریكا- ئیسرائیل و ئێران، گرتووخانەكان ڕووبەڕووی كەمی خۆراك، داخستنی دوكانەكان، كەمیی دەرمان و سنوورداركردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشكەكان بوونەتەوە، سەرەڕای ئەوەش، بارودۆخی تەندروستیی زۆر لە گیروان خراپە و دەستگەیشتنی گیراوان بە مافە سەرەتاییەكانی ژیان، زۆر سنووردار كراوە.
باس لەوەیش كراوە كە كۆنترۆڵی ژمارەیەك لە گرتووخانەكان لەوانە تاران، مەشهەد، ئەسفەهان، ورمێ، قوم و قەزوین، ڕادەستی هێزە تەناهییە تایبەتەكان كراوە و كەشی گرتووخانەكان بە تەواوی سەربازی بووە، هەرچەندە گیراوانی ئاسایی بە پێدانی مۆڵەتی پشوویی كاتی ئازاد كراون، بەڵام گیراوانی سیاسی و ئەوانەی سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە، لە گرتووخانەدا ماونەتەوە یان بۆ شوێنێكی نادیار گوازراونەتەوە.
باس لەوەش كراوە، لە گرتووخانەكاندا لەوانە قەزلحەسار لە كەرەج، گیراوەكان مانیان لە خواردن گرتووە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر نەبوونی خۆراك و خزمەتگوزاریی تەندروستی، هەروەها گیراوان لە گرتووخانەكانی ئەوین و شیراز ڕووبەڕووی بڕینی ئاوی گەرم و كەمیی دەرمان و دابەشكردنی خۆراك بوونەتەوە و لە بارودۆخێكی مەترسیداردا دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەك گیراوی سیاسی لە ڕەشت بۆ شوێنێكی نادیار گواستراونەتەوە.
دووپات لەوە كراوەتەوە كە گیراوێك بەهۆی بێبەشبوونی لە چاودێری پزیشكیی گیانی لە دەست داوە، هەروەها هۆشداریی دەدات لە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و بە پێشێلكارییەكی گەورەی پابەندبوونی ڕژێمی ئێران بە مافەكانی مرۆڤ دادەنرێت.