پێشتر دەسەڵاتی كاتیی سووریا بڕیاری قەدەغەكردنی فرۆشتنی مادەی كحوولی لە وڵاتەكە راگەیاند، بەڵام چەند ناوچەیەك لە وڵاتەكە بەهۆی جۆری پێكهاتەكان قەدەغەكردنەكە نەیگرتنەوە، بەڵام هێزە تەناهییەكان كێشەیان بۆ ئەوانیش دروست كرد و دوكانەكانی داخست، بۆیە پارێزگای دیمەشق وێڕای دووپاتكردنەوە لە رێگەدان بە پێكهاتەكان "مەسیحی" لە فرۆشتنی كحوول، داوای لێبوردنی لێ كردن.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، پارێزگای دیمەشقی پایتەختی سووریا لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە، ئەو هەڵسوكەوتەی بەرانبەر بەو ناوچانەی قەدەغەكردنی فرۆشتنی كحوول تێیاندا نایانگرێتەوە كراوە، جێگەی نیگەرانییەوە و هەڵە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەدا هەیە، بۆیە داوای لێبوردنیان لێ دەكەین بەرانبەر بەداخستنی ئەو دوكانانەی كحوول دەفرۆشن، ئەوانیش گەڕەكەكانی باب تۆما و قەساع و باب شەرقین.
پارێزگاكە دووپاتی كردووەتەوە، ئەو ناوچانە زۆربەی دانیشتووانی مەسیحین و لە ناوجەرگەی دیمەشقدا نیشتەجێن، بۆیە هەر هەڵسوكەوتێك بەرانبەر بە فرۆشگەكانی كحوول لەو گەڕەكانە كرابێت، لە دەرەوەی بڕیارەكەیە و هەڵە لە جێبەجێكردنی كراوە، بۆیە داوای لێبوردن دەكەین و بە خێرایی كێشەكە چارەسەر دەكرێت.
دووشەمی رابردوو دەسەڵاتی دیمەشق لە بەیاننامەیەكدا بڕیاری قەدەغەكردنی مادەی كحوولی لە وڵاتەكە راگەیاند، ئەویش فرۆشگە و چێشتخانە و یانەكانی شەوانە لە پایتەخت دەگرێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو سكاڵایانەی لەلایەن خەڵكەوە كرابوو و داوا كراوە دیاردەی دوور لە رەوشتی گشتی رابگیرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا قەدەغەكردنەكە گەڕەگەكانی باب تۆما و قەساع و باب شەرقی ناگرێتەوە كە دانیشتووانی ئەو گەڕەكانە زۆربەیان مەسیحین.
لە بڕیارەكەی حكوومەتی كاتیی سووریادا هاتووە، پێویستە فرۆشگەكانی كحوول كە رێگەیان پێ دەدرێت كراوەبن، بەلای كەمەوە 75 مەتر لە مزگەوت و كەنیسە و قوتابخانە و گۆڕستانەكان دووربن، هەروەها 20 مەتر لە بنكەی پۆلیس و نووسینگە حكوومییەكان دووربن.