مامۆستایەكی ئاینی داوا دەكات سبەینێ لە وتاری رۆژی هەینی تەواوی مامۆستایانی ئاینی لە كوردستان باسی "غەدر وخیانەت" بكەن و سوورە لەسەر ئەوەی كە گەلی كورد بەردەوام ستەمی بەرانبەر دەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی ئادار، مامۆستا فكری سیتكانی پێشنوێژ و وتاربێژ لە هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو هێرشەی كرایە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە سپیلك تاوانێكی گەورە بوو، "غەدر و خیانەت" بوو بەرانبەر گەلی كورد كرا و ئەوەیش لە ئاینی ئیسلام رەت كراوەیە.
ڕوونیشی كردەوە كە بەهۆی ئەوە مامۆستایانی ئاینی رۆڵێكی بەرچاویان لەبەرزكردنەوەی ئاستی نەتەوەیی هەبووە لە ئێستە و لە رابردوودا، " داوا دەكەم سبەی تەواوی مامۆستایانی ئاینی لە وتاری رۆژی هەینی تیشك بخەنە سەر ئەو غەدرەی كرا".
هەروەها باسی لەوە كرد، ئەو سبەی لە وتاری هەینی تیشكدەخاتە سەر ئەو هێرشە و بێتاوانی و قارەمانییەتی پێشمەرگە، كە ئێستە گەلی كورد لەو شەڕەدا بێلایەنە و پێویست نییە چیتر ستەمی بەرانبەر بكرێت، چونكە گەلی كورد ئاشتیخوازە و هیچكاتێك لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزیدا نەبووە.
جێی ئاماژەیە، بەرەبەیانی دوێنێ 24ی ئادار، بە شەش مووشەك لەلایەن ئێرانەوە هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزەكانی دەڤەری یەك لە سنووری سۆران- سپیلك، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون، هەر دوای ئەوە؛ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، ئەوە غەدر و خیانەتە بەرانبەر بە كوردستان دەكرێت.