پۆلیسی هەولێر: لە شەڕەتەقەیەکدا شەش کەس کوژران و سێ کەسیش بریندار بوون

:: AM:12:41:31/03/2026 ‌

ئەمڕۆ سێشەم 31ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی شەڕەتەقەی نێوان دوو بنەماڵە لە شارەدێی کەورگۆسک، شەش کەس گیانیان لەدەست داوە و سێ کەسی تریش بریندار بوون.

لە ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، شەوی ڕابردوو سەعات 10:50 خولەک لە شارەدێی کەورگۆسکی سەر بە شارۆچکەی خەبات، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی کۆن لە نێوان بنەماڵەیەک کە خاڵ و خوارزای یەکن، شەڕەتەقە ڕووی دا.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی ئەو شەڕەی لە نێوان هەردوولادا دروست بووە، شەش هاووڵاتی لە هەردوولای شەڕەکە گیانیان لەدەست داوە و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دووپاتی کردەوە کە دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، ڕێکارە یاساییەکان جێبەجێ دەکرێن و یاسا سەروەر دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود