درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی كێشەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتی، ژمارەیەك كەس لە شارەدێی كەورگۆسكی سنووری پارێزگای هەولێر كوژران، قایمقامی كەروگۆسك لەسەر رووداوەكە روونكردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ سێشەم 31ـی ئادار، كوێستان ئەحمەد قایمقامییەتی قەزای خەبات، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەعات 10 و 45 دەقەی شەوی ڕابردوو، لە شارەدێی كەورگۆسكی سەربە قەزای خەبات لە نێوان كۆمەڵێك خزم كە خاڵ و خوارزای یەكترن، گرژی و شەڕە تەقە ڕووی دا. بەهۆیەوە شەش هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا، هاوكات سێ هاووڵاتی تریش بریندار بوون.
دەشڵێت، دوای ڕووداوەكە دەستبەجێ هێزە تەناهییەكان و تیمەكانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و خەبات، گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و كۆنترۆڵی دۆخەكەیان كردووە. ئێستە دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە.
قایمقامییەتی قەزای خەبات دڵنیایی دەدات بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، هەموو ڕێكارە یاساییەكان دەست پێ كراون. هێزە تەناهییەكان لە ئامادەباشیدان بۆ ڕێگریكردن لە هەر پەرەسەندنێكی تر و پاراستنی ئارامی شارەدێی كەورگۆسك.
لە كۆتاییدا داوا دەكات، هەموو لایەك پەنا بۆ یاسا ببەن و ڕێگە نەدەن كێشە كۆمەڵایەتییەكان بگەنە ئاستی خوێنڕشتن.