ئورفا.. هێرش كرایە سەر قوتابخانەیەك و 16 قوربانیی لێ كەوتەوە

:: PM:01:12:14/04/2026 ‌
حاكمی هەرێمی شانلی ئورفا باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا ئاشكرای كرد، قوتابییەكی پێشوو بە كڵاشینكۆف هێرشی كردە سەر قوتابخانەكەی و دەستڕێژی فیشەكی لە قوتابی و مامۆستایان كرد، بەوهۆیەوە 16 كەس بوونەتە قوربانی.

حوسێن سیلداك حاكمی شاری شانلی ئورفا ئاشكرای كرد، هێرشبەری سەر قوتابخانەكە پێشتر قوتابی هەمان قوتابخانە بووە، تەمەنی 19 ساڵە و بە كڵاشینكۆف چووەتە سەر قوتابخانەكە و دەستڕێژی فیشەكی لە قوتابی و مامۆستایان كردووە، بەوهۆیەوە 16 قوتابی و مامۆستا بریندار بوون.

زیاتر گوتی، بریندارەكان بۆ نەخۆشخانەی ناوچەی سیڤیرێك گوێزراونەتەوە و چواریان برینەكانیان سووك بووە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، بەڵام 12 لە بریندارەكان ئێستەیش لە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری پزیشكیدان و چارەسەر دەكرێن.

حاكمی شاری شانلی ئورفا (باكوری كوردستان) ئەوەیشی خستەڕوو، هێرشبەرەكە ناسراوە و قوتابیی هەمان قوتابخانە بووە و دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و هەوڵی گرتنی هێرشبەرەكەیان دا، ئەو خۆی ڕادەستی پۆلیس نەكرد و فیشەكی لەخۆی دا و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د