لەماوەی رابردوودا، "وشە" راپۆرتێكی لەبارەی مامۆستا هەورین سادق بڵاو كردەوە، كە بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەكی راگەیاندن بزانێت، مانگانە هاوكاری قوتابییانی كەمدەرامەت دەكات و لە جەژن و بۆنەكاندا پێویستییان بۆ دەكرێت.
مامۆستا هەورین سدیق كە لە قوتابخانەی رۆشنبیری مامۆستایە، میهرەبانانە چاوی لەو قوتابییانەیە كە بەبێ باوكی دەخوێنن یان باری داراییان خراپە، ئەو ئێستە نەك لە قوتابخانەكەی خۆی كە مامۆستایە، بەڵكو پەڕیوەتەوە دەیان قوتابخانەی تری هەولێر.
ژنێكی باڵاپۆشی میهرەبان، زووزوو قوتابییە كەمدەرامەتەكان كۆ دەكاتەوە و بەخشیشی خۆی بەسەریاندا دابەش دەكات. ژنێكە وا دەردەكەوێت نەك تەنیا مامۆستا، بەڵكو فریشتەیەك بێت و ئومێد لە بێ ئومێدی كەمدەرامەتان دروست بكات.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی نیسان، پەروەردەی هەولێر بڵاوی كردەوە كە لوقمان سەعید بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، لەپای دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ پیشەكەی و هاوكاریكردنی قوتابخانە و قوتابییانی كەم دەرامەت و بێ باوك، پێشوازی لە هەورین سادق مامۆستا لە قوتابخانەی رۆشنبیری بنەڕەتی تێكەڵاو كرد و سوپاسی تایبەتی خۆی پێشكەش كرد.
مامۆستا هەورین سادق، بە "وشە"ی گوت، ئەو سوورە لەسەر كارەكانی و بەردەوام دەبێت لە هاوكاری قوتابییانی كەمدەرامەت لە پاڵ پیشەی مامۆستاییدا.