ئەمڕۆ پۆلیسی شاری زیقار لە باشووری عێراق، وردەكارییەكانی كوشتنی نهێنیی ژنێكی بەساڵاچووی لە قەزای ئیسلاحی ئەو پارێزگایە ئاشكرا كرد، ئەمەش دوای گرتنی نەوەیەكی كە ددانی پێدا ناوە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارەی بە نەوەكەی نەداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی نیسان،
پۆلیسی زیقار بڵاوی كردەوە، زانیارییان لەسەر كوشتنی ژنێك لە ناو ماڵەكەی خۆی لە ئیسلاحی پێگەیشت، دەستبەجێ تیمەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، تیمەكە توانیویانە لە ماوەیەكی كورتدا ناسنامەی تاوانبارەكە بناسێنن، بە فەرمانی دادوەریش تۆمەتبار (م. س. م) لەدایكبووی ساڵی 2004 گیرا و ددانی بە تاوانەكەیدا ناوە.
بەپێی ددانپێدانانەكەی، تۆمەتبارەكە لە سەعات حەوتی سەرلەبەیانی چووەتە ماڵی داپیرەی لە شاری ئیسلاح و داوای پێنج ملیۆن دیناری عێراقی لێ كردووە. كاتێك ژنەكە ڕەتی كردەوە و پارەی پێ بدات، بە ئامێرێكی تیژ كوشتی و تفەنگێكی كڵاشینكۆفیشی لە ماڵەكەدا دزی.
دووشەمی ڕابردوو، سەرچاوەیەكی تەناهی هەواڵی كوشتنی ژنێكی 70 ساڵانی بڵاو كردەوە، كە لەناو ماڵەكەیدا لە گوندی سەربە قەزای ئیسلاحی لە ڕۆژهەڵاتی زیقار، تەرمەكەی دۆزرایەوە.