پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردەوە كە توانیویانە باندێكی دزیكردنی ماتۆڕسكێل بگرن.
لە راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتییەكەدا هاتووە، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان باندێكی دزی ماتۆڕسكیلیان گرت.
" دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سكاڵای تۆماركرد كە ماتۆڕسكیلەكەی لەبەردەم ماڵەكەی لێدزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ ڕووداوەكە وەرگیراو لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس دەستی پێ كرد، پاش كۆكردنەوەی زانیاریی پێویست، توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و بگیرێن" لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت كە تۆمەتباران لەشێوەی بانددا تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوەو لەكاتی گرتنیان دەستگیرا بەسەر ماتۆڕەدزراوەكەو سێ ماتۆڕسكیلی تردا.
هەروەها باس لەوە كراوە كە تۆمەتباران (پ، د یـ لەدایكبووی 2001 - م، د، ع لەدایكبووی 2000) ددانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە و بەپێی مادەی 446 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.