لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڤیدیۆیەكی دروستكراو بڵاو كراوەتەوە و گوایە لە ماڵی یۆگای هەناسە لە سلێمانی، كاری نەشیاوی تێدا دەكرێت.
فەزای سلێمانی لەلایەن ئیخوان و سەلەفییەتەوە بەتەوای كۆنترۆڵ كراوە، بەشێكیش لە دەسەڵاتدارانی یەكێتی هۆكاری خوڵقاندنی ئەو فەزا خراپەن، هەر رۆژە و پەلاماری شوێن و كەسێك دەدەن و ئامانجیانە هەرچی لە دەرەوەی بیركردنەوەی ئەوانە، سووكی بكەن.
لە رۆژانی پێشتردا بۆ فارووق رەفیق ئەو كارەیان كرد، ئێستەش بەربوونەتە ماڵێك كە چەندان ساڵە بووەتە شوێنێكی ئارام بۆ گەنجان كە راهێنانی ژیانی تێدا دەكرێت.
پەیجێك بەناوی "خانم" ڤیدیۆیەكی بڵاو كردووەتەوە، گوایە ئەو شوێنە كە بۆ یۆگا بەكار دێت، بەدرەوشتیی تێدا دەكرێت.
لەمبارەیەوە ماڵی یۆگای هەناسە روونكردنەوەیەكیان بڵاو كردووەتەوە و دەڵێن: ئاگاداری هاووڵاتییان و ڕای گشتی دەكەینەوە، ئەو ڤیدیۆیەی لە سۆشیال میدیا بڵاو كراوەتەوە گوایە لە یەكێك لە شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی و لەگەڵ هاوڕێیانی ماڵی یۆگای هەناسە تۆمار كراوە، دوورە لە ڕاستی و بە مەبەستی ناوزڕاندن دەستكاری كراوە.
ڤیدیۆكە لە دەرەوەی كوردستان و بە دیاریكراوی لە ڕووسیا تۆمار كراوە و ئەو چالاكییەی تێیدا دەبینرێت، هیچ پێوەندییەكی بە یۆگاوە نییە. بەداخەوە پەیجی "خانم" لۆگۆی خۆی و چاوپێكەوتنێكی كۆنی یەكێك لە بەشداربووەكانی ئێمەی بەسەر ڤیدیۆكەدا مۆنتاج كردووە، ئەویش بۆ چەواشەكردنی خەڵك بڵاوی كردووەتەوە.
"ئێمە لە كاتێكدا ئەم بوختانە ڕەت دەكەینەوە، لەوەبەدواش هەر پەیج و ئەكاونت و كەناڵێك لەم جۆرە هەوڵە بێ بنەمایانە بە دژی هەناسە بدات، هەناسە ڕێكاری یاسایی لە ڕێگەی لایەنە پێوەندیدارەكانەوە بەرانبەریان دەگرێتەبەر. ماڵی یۆگای هەناسە وادەڵێن.
لەمبارەیەوە هاوبیر كامەران مامۆستای یۆگا و كەسی دیار لە بوارەكەدا دەڵێت، ڤیدۆیەك بڵاو بووەتەوە گوایە لە سەنتەرێكی یۆگا لە سلێمانی كاری نەشیاو دەكرێت، شوێنەكەش نە سلێمانییە و نە دانیشتووانیش كوردن و نە شتەكەش یۆگایە.
گوتی، بڵاوبوونەوەی ئەمجۆرە هەواڵە ساختانە و دەستبردن بۆ شەرەفی خەڵك و شكاندنی شكۆی سەنتەر و شوێنە پڕ چالاكییەكانی سلێمانی، لە پێناو سووككردنی ئەم شارە و چالاكی و جووڵەكانی ئەم شارە و ناوزڕاندن و ناشیرینكردنیدایە.
هاوبیر داوا لە داواكاری گشتی دەكات رێگە بەم جۆرە بڵاوكراوانە نەدات، دەزگاكانی زانیاری و ئاسایشیش سەرچاوەی ئەم پەیجە سێبەرانە بۆ خەڵك ئاشكرا بكەن.
باسی لەوەش كردووە، كۆمێنتەكان كە بێ بیركردنەوە نووسراون و تەنیا كاردانەوەی بینینی ڤیدۆیەكی ناڕاستن، پێمان دەڵێن بەشێكی زۆر لە خەڵكی ئێمە كە لە ناویاندا مەلا و مامۆستای زانكۆ و خوێندەواری ئاینیش هەیە، چەند وەك ئیسپرنگ وان كە تەنیا كاردانەوەیان هەیە بێ بیركردنەوە.
دەشپرسێت خەڵكی ئێمە چۆن دەتوانن ئەوەندە بێ ویژدان بن؟ هەر بەڕاست چۆن دەتوانن؟ تا دوێنێ فارووق رەفیق و ئەمڕۆ عیرفان و یۆگا، خوا دەزانێت سبەی نۆرەی كام چینی تری كۆمەڵگە دێت.