دوای چەند خولەكێك بەڕێكردنی دایكی بۆ حەج كوشتیان

:: PM:07:50:03/05/2026 ‌

لە عێراق بەهۆی تێكهەڵكێشیی تەنگژە و كێشە جیایاكانەوە، دەروون و مێشكی تاكی ئەو وڵاتە زۆر ئاڵۆز و پەشۆكاوە، ئاستی توندوتیژی زۆر بەرز بووەتەوە و لە ئەگەری هەر شەڕ و دەمەقالییەك پەنا بۆ چەك و كوشتن دەبرێت، لە شارەدێیەكی پارێزگای بابل، گەنجێك دوای چەند خولەكێك لە بەڕێكردنی دایكی بۆ گەشتی حەج، هاتە كوشتن.

سەرچاوەیەكی تەناهی گوتی، لە شارەدێی شوملی لە باكوری رۆژهەڵاتی پارێزگای بابل، لە دوای چەند خولەكێك لە بەڕێكردنی دایكی بۆ گەشتی حەج، گەنجێك بە گولە كوژرا، كەسێك لە ناوچەكە تەقەی لێ كردووە و راستەوخۆ كوژراوە، ئەو كەسە خزمی كوژراوەكە بووە، دوای رووداوەكە و بیستنی كوژرانی كوڕە تاقانەكەی، راستەوخۆ دایكی كوژراوەكە گەڕاوەتەوە. 

بەپێی سەرچاوەكە ئەو رووداوە كاردانەوەیەكی فرەوانی لە شەقامی ناوخۆیی شارەدێكە و لە سۆشیال میدیا دروست كردووە، دوای رووداوەكە هێزە تەناهییەكان دەستیان بە گەڕان و راوەدوونانی بكوژ كردووە، كە تا ئێستە هەڵاتووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل