نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوە ئێزیدییەكان، رزگاركردنی كچێكی ئێزیدی دوای 11 ساڵ لە دەستی داعش راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار، حوسێن قائدی بەرێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوە ئێزیدییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای هەوڵێكی زۆر ئازادكردنی كچە گەنجێكی ئێزیدی بە ناوی"جەمیلا بابیر حاجەم" رادەگەیەنین.
باسی لەوەشكرد، ئەم كچە خەڵكی كۆمەڵگەی تەل قەسەبەیە لە شنگال و دوای 11 ساڵ لە رفاندنی لە كاتی هێرشەكانی رێكخراوی داعش رزگار كرا.
روونی كردەوە، جەمیلا لە كاتی رفاندنیدا تەمەنی حەوت ساڵ بووە و لەگەڵ حەوت ئەندامی خێزانەكەی رفێندرابوو. هەموو ئەندامانی خێزانەكەی لە كاتەكانی پێشتردا رزگار كرابوون، تەنیا باوكی نەبێت تا ئێستە چارەنووسی نادیارە.