تەرمی یەكێك لەو منداڵانە دۆزرایەوە كە شەوی هەینیی رابردوو، لە رووداوێكدا كەوتبوونە رووباری گەلیی عەلی بەگ.
شەوی هەینی؛ یەكی ئایار، لەسەر رێی هامڵتن و لە نزیك كانی ماران لە گەلیی عەلی بەگ، ئۆتۆمبێلێك كۆنترۆڵی لەدەست دا و كەوتە ئاوی رووبارەكەوە.
لە رووداوەكەدا، شۆفێرەكە و ژنێك رزگاریان بوو، بەڵام سێ منداڵ بە ناوەكانی "ئادەم خورشید /سێ ساڵ/ و لاوەند خورشید /حەوت ساڵ/ و مینا عیسا /17 ساڵ/ لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكەدا نوقم بوون.
كەمێك لەمەوبەر زانیاری گەیشتە "وشە" كە تەرمێك لە رووبارەكە دۆزراوەتەوە و گومان دەكرێت تەرمی لاوەند خورشیدی حەوت ساڵان بێت. هێشتا تیمەكانی بەرگریی شارستانی بە تەواوی زانیارییەكەیان پشتڕاست نەكردووەتەوە.
پێشتر كاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە "وشە"ی راگەیاند، گەڕان بەدوای ئەو سێ منداڵەدا كە كەوتنە ناو گەلیی عەلی بەگ بەردەوامە، ئێستە تیمەكانی سۆران، مێرگەسۆر، ئاكرێ و هەولێر بە نزیكەی 100 كارمەند شەو و رۆژ بەدوای ئەو سێ منداڵەدا دەگەڕێن.