ڤیدیۆی كوشتنی كچە 15 ساڵانەكەی بەغدا دنیای شۆك كردووە و حكوومەتیش بێدەنگە

:: AM:11:29:13/05/2026 ‌
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆیەك دەستاودەست دەكات و خەڵكێكی زۆر تەماشای دەكەن، ئەویش ڤیدیۆی خێڵێكی عەرەبی عێراقییە لە پایتەختی وڵاتەكە، كچێكیان بەهۆی ئەوەی رازی نەبووە شوو بە ئامۆزاكەی  بكات دەیكوژن، بەڵام كەیفخۆشن و وەك سەركەوتن دەیبینن.

عێراق بەتایبەت بەغدا بووە بەشاری خێڵە عەرەبەكان، رۆژانە كارەساتی سەیری تێدا روو دەدات، كە نزیكترین كارەسات عێراقییەكانی سەرقاڵ كردووە و بووەتە ترێندی وڵاتانی عەرەبیش، ڤیدیۆی كوشتنی كەوسەر بەشاری تەمەن 15 ساڵانە.

دوای ئەوەی كچێك بەناوی كەوسەر بەشار كە تەمەنی 15 ساڵە، رەتی كردەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ ئامۆزایەكی بكات، لەلایەن خێزانەكەیەوە كوژرا. لە دوای كوشتنیشی، عەشیرەتەكەی ئاهەنگی بە كۆمەڵیان گێڕاوە و بەڤیدیۆ بڵاویان كردووەتەوە و بەكەیفخۆشییەوە باس لەوە دەكەن شەرەفیان پاك كراوەتەوە.
 
رووداوەكە لە ناوچەی "نەهرەوان"ـی رۆژهەڵاتی بەغدا رووی داوە. خێزانەكە كچە 15 ساڵانەكەیان بە ناوی "كەوسەر بەشار"، بە تۆمەتی "پاكبوونەوەی شەرەف" كوشتووە. لە دوای كوژرانیشی عەشیرەتەكەی ئاهەنگێكی بە كۆمەڵیان گێڕا كە بە (هۆسە یان فەزعە) ناسراوە.

وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە تەناهییەكانی عێراق، بێدەنگن و هیچ كەسێكیش بە تۆمەتی كوشتنی ئەو كچە 15 ساڵانە نەگیراوە.

 تا ئێستە جگە لە سەیركردنی خەڵك، هیچ كەس و گرووپ و حزب و لایەنێكی فەرمی دژایەتییان بۆ ئەو كارە قێزەونە دەرنەبڕیوە، وەك ئەوەی هەمووان پێیان باش بێت.

لە ڤیدیۆكەدا مام و برازاكانی دوای كوشتنی كچەكە، ئاهەنگ دەگێڕن و باس لەوە دەكەن رۆژێكی خۆشیان بەڕێ كردووە، چونكە شەرەفیان پاك كردووەتەوە.

رێكخراوەكە دەڵێت، كەوسەر بەشار دەستگیرانی ئامۆزاكەی بووە، بەڵام بە راشكاوانە رەتی كردووەتەوە شوو بە ئامۆزاكەی بكات، لە ماڵەوەیان هەڵاتووە و رۆژی دواتر لەلایەن كەسوكارەكەی دۆزراوەتەوە، بە تۆمەتی پاككردنەوەی شەرەف كوشتوویانە.




وشە - سۆران عەزیز