لە كەركووك بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆوە دوو كەس گیانیان لە دەست دا

:: PM:01:16:17/05/2026 ‌
نیوەڕۆی ئەمڕۆ بارهەڵگرێك و ئۆتۆمبێلێكی ساڵۆن تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون، بەو هۆیەوە دوو كەس گیانیان لە دەست دا و برینداری تریش هەیە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئایار، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ رووداوێكی سەختی هاتوچۆ لە شەقامی بازنەیی كەركووك رووی دا.

ئەوەیش زانراوە، یەكێك لەوانەی لە رووداوەكە گیانی لە دەست داوە، ناوی ئەحمەد موحسین نوورەدین /37 ساڵ/ـە، هاوكات دەگوترێت یەكێكی تر كە گیانی لە دەست داوە كوڕی قوربانییەكە.

رووداوەكە لە شەقامی بازنەیی و نزیك ناوچەی پیشەسازی كۆنی كەركووك لە نێوان ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێكی بچووكدا بووە.

باس لە برینداربوونی دوو كەسی تریش دەكرێت، ئەوەیش لە كاتێكدایە 15 رۆژ پێش ئێستە رووداوێكی تری لەم شێوەیە رووی دا، بەو هۆیەوە هەشت كەس گیانیان لە دەست دا.



وشە - رامیار جەواد