ئابڕووچوونێكی سێكسی لە پاریس هەرای ناوەتەوە

:: AM:09:29:21/05/2026 ‌
ئابڕووچوونێكی پڕ لە دەستدرێژیی سێكسی بە ئاستی فراوان لە دایەنگە و قوتابخانەی سەرەتایی منداڵان لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا، مشتومڕ و هەرایەكی زۆری ناوەتەوە و تا ئێستەیش 16 كەس لەسەر ئەو دۆسیەیە گیراون.

ڕۆژنامەی لۆمۆندی فڕەنسی لە زاری داواكاری گشتی پاریس بڵاوی كردەوە، ئەو كەسانەی بەرپرسن لە دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵی دایەنگەكان و قوتابخانەی سەرەتایی لە پاریس، گیراون و تۆمەتبار كراون و بەگوێرەی یاسا لە دادگا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

زۆرینەی حاڵەتەكانی دەستدرێژیی سێكسی لە دایەنگەیەكی حكوومی لە ناوەندی پاریسی پایتەختی فڕەنسا ڕووی داوە، ئەمەیش خەڵكی ئەو شارەی بە تەواوی تووڕە و بێزار كردووە.

دەسەڵاتدارانی شارەكە بۆ ڕۆژنامەكە دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، كەسانی تێوەگلاو بەو تاوانە كە دەستدرێژیی سێكسی و لاقەی كچانی خوار تەمەنی 18 ساڵیان كردووە و توندوتیژیان بەرانبەر ئەنجام داون، گیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

بەشێك لەو تۆمەتبارانەی كە گیراون، دەسبەجێ لە كارەكانیشیان دەركراون و چیتر ناتوانن لەو شوێنانەی پێشتر كاریان تێدا دەكرد، دەستبەكار بكەنەوە و دۆسیەی كاركردنیشیان بە تەواوی ڕەش دەبێ و لە داهاتوو ناتوانن لە شوێنی تریش هەلی كاریان دەست بكەوێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د