بەغدا.. ئافرەتێك خۆی دەسووتێنێت و گیان لە دەست دەدات

:: AM:10:39:07/06/2026 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەغدا رای گەیاند، ئافرەتێك لە ناوەندی شارەكە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و بەهۆیەوە گیانی لە دەست داوە. لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، ئەو ئافرەتەی خۆی سووتاندووە لەدایكبووی 1999یە، ماڵەكەی لە گەڕەكی شوعلەی ناوەندی بەغدا بووە و جیا خۆكوشتنەكەی، تەواوی ماڵەكەیشی ئاگری تێبەر بووە و زیانی زۆری بەدواوە بووە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، رووداوەكە بەجۆرێك بووە كە ئافرەتەكە لە ناو ماڵەكەیدا نەوتی خستووەتە سەر خۆی و ئاگری لە جەستەی بەرداوە، بەهۆیەوە جیا لە خۆی، تەواوی كەلوپەلی ماڵەكەیش سووتاون.

ئەوەیشی گوت كە تیمێكی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كردووە، پاشان تەرمی ئافرەتەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە و رادەستی پزیشكی داد كراوە بۆ رێوشوێنە یاساییەكان.

دواتریش سەرچاوەكە گوتی كە لێكۆڵینەوەی رژد لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە تا بزانرێ هۆكاری خۆكوشتنەكە چی بووە.

دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د