لە رووداوێكی هاتوچۆ لە دیوانییە زاوایەك گیان لەدەست دەدات

:: PM:08:26:09/06/2026 ‌

رووداوەكانی هاتوچۆ لە عێراق زۆر زیادی كردووە و رۆژانە هەواڵەكان باسی چەندان رووداوی سەختی هاتوچۆ دەكەن كە قوربانیان لێ دەكەوێتەوە، بەشێك لە شارەزایان هۆكارەكەی بۆ خراپیی رێگەوبان و تیژڕەوی و پابەندنەبوون بە یاساكانی هاتوچۆ و خەواڵوویی و سەرخۆشی و سەرقاڵی بە مۆبایل و بێباكیی شوفێران دەگەڕێننەوە، لە دیوانییە ئۆتۆمبێلی بووك و زاوا تووشی رووداو هات و زاوا گیانی لەدەست دا.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای دیوانییە، ئەمڕۆ سێشەم لە ئەنجامی بەریەككەوتنی تانكەرێكی گواستنەوەی سووتەمەنی و ئۆتۆمبێلی بووك و زاوایەك لە نزیك یاریگەی سونبلە لە دەروازەی پارێزگاكە، زاوا و سێ كەسی تر گیانیان لەدەست دا، پیاوێكی بە تەمەن و ژنەكەی و منداڵێك.  

بەپێی سەرچاوەكە بووك بە سەختی بیریندار بووە، تەرمەكان بۆ پزیشكی داد گوازرانەوە و بووكیش بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری.

شایەنی باسە نیوەڕۆی یەكشەمی رابردوو لە رێگەی خێرای نێوان هەردوو پارێزگای زیقار و بەسرە لە باشووری عێراق، لە ئەنجامی بەریەككەوتنی پاسێكی سەردانیكاران و تەنكەرێكی گواستنەوەی سووتەمەنی، 21 كەس كوژران و 19ی تریش بریندار بوون، كە ئەوان خەڵكی بەسرە بوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل