دوو رۆژە رووداوێك تەواوی سۆشیال میدیای كوردی داگیر كردووە، بۆچوون و ئاراستەی جیاواز و لێكدانەوەی زۆری بۆ كرا، بەڵام هێشتا هیچیان راست دەرنەچوونە.
سووتانی دلڤین كارۆخ رواندزی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی پۆلیس ئەوان هێشتا خەریكی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایین لەبارەی رووداوەتەوە.
ئەوەی لای "وشە"یە
"وشە" چەندان بەدواداچوونی لەسەر ئەو رووداوە كرد، بەڵام هێشتا ئەوانە خاڵی كۆتایی نین و دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتی پۆلیس هەموو راستییەكان ئاشكرا دەبن.
دلڤین كارۆخ كارمەندی یەكێك لە كۆمپانیاكانی هەولێر بووە و پلەكەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بوو، كەسێكی خۆشەویست و قسەخۆشی ناو هاوڕێكانی بووە، ڕۆژی یەكشەم دوای ئەوەی نانی بەیانی دەخوات بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك ئاگەدار بكاتەوە بە ئۆتۆمبێلەكەی زووتر لەكاتی ئاسایی لە ماڵ دێتە دەرەوە.
تا ئێستە روون نیە كە پێش ئەوەی بگاتە شوێنی رووداوەكە /دارەشەكران/ چووەتە هیچكوێی تر یان نا، بەڵام هێزە تەناهییەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی كامێراكانن.
سەعات حەوتی بەیانی بەرگریی شارستانی لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوە ئاگەدار دەكرێنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گومانی تاوان لە رووداوەكەدا هەیە، ئەوانیش دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش ئاگەدار دەكەنەوە.
لەناو سۆشیال میدیادا قسەی زۆری لەبارەیەوە كرا، سەرەتا وا بڵاوكرایەوە كە هاوسەرەكەی تۆمەتبارە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" دلڤین نزیكەی چوار ساڵە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە و دوای ئەوەیش هیچ كێشەیەك لە نێوانیاندا نەماوە.
ماڵباتی دلڤین تا ئێستە سكاڵایان لەسەر كەس تۆمار نەكردووە، چونكە پێشینەیەكی تاوانی یان هەڕەشە لەسەر ژیانی دلڤین نەبووە.
دلڤین خاوەنی دوو منداڵە و دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی لەگەڵ ماڵی دایكی لە دایكی دەژیا و خاوەنی سێ خوشك و برایە.
پێشتر پۆلیسی هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا هاتووە، ڕاپۆرتی تیمی لێكۆڵینەوەی بەڵگەكانی تاوان و ڕاپۆرتی پزیشكی دادی دەخرێتە بەردەست دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ زانینی هۆكاری ڕاستەقینەی ڕووداوەكە.