لە ژێر ناوی رێنوێنی پزیشكی و داواكردنی وێنەی شوێنی هەستیار، دەیان ژن تووشی كێشە و سەرانەسەندنی گرووپەكانی ناو سۆشیال میدیا بوونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی حوزەیران، جێگر رەشید لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ماوەیەكە كۆمەڵێك لەیاسادەرچوو بە دروستكردنی پەیجی ساختە بە ناوی پزیشكانی پسپۆڕی ئافرەتان، تەڵە بۆ هاووڵاتییان دادەنێنەوە.
زیاتر گوتی، كچێك پێی وابووە ڕاوێژ بە پزیشك دەكات، بەڵام دوای ناردنی وێنەی شوێنی هەستیار و تەنانەت دەموچاوی، ئێستە كەوتووەتە ژێر هەڕەشەی بڵاوكردنەوە و سەرانەسەندنی دارایی و سێكسی.
دەشڵێت، د. نگین جەعفەر پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان یەكێك لەو پزیشكانەی چەند جارێك پەیجی ساختە بەناوی ئەوەوە دانراوە و دووپاتی كردەوە، "بەهیچ شێوەیەك لە سۆشیال میدیا داوای وێنەی تایبەت لە چارەخواز ناكرێت. ئەگەر بە دەنگی پزیشكەكەش دڵنیا نەبوونەوە، باوەڕ بە هیچ پەیجێك مەكەن".
لە بەشێكی قسەكانی رای گەیاند، تكایە پێش متمانەكردن، لە فەرمیبوونی پەیجەكان دڵنیا ببنەوە و وریای پاراستنی زانیارییە كەسییەكانتان بن.