زۆر لە هاووڵاتییانی عێراق لە دایكبوونیان ئەمڕۆ تۆمار كراوە واتا لە یەكی تەمووزدا، بەڵام ئەوە بێ هۆكار نییە و چیرۆكێكی لە پشتەوەیە كە بەشێكی زۆر لە خەڵكی هێشتا بەوە ئاشنا نین.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، زۆر لە خەڵكی عێراق یادی لە دایكبوونیانە، لای زۆریش جێی پرسیارە كە بۆچی لە یەكی تەمووز یادی لە دایكبوونی ئەو هەموو خەڵكەیە و لەوەتەی فەیسبووكیش هەیە، ئەوە بە تەواوی لای هاووڵاتییان هەستی پێ كراوە.
ئەم راستییە زیاتر بۆ خەڵكی عێراق و كورد بەتایبەت باوە، چیرۆكەكەی ئەوەیە كە لە ساڵی 1957، كاتێك حكوومەتی عێراق تۆماری گشتی دانیشتووان (سەرژمێری) و نوێكردنەوەی تۆمارەكانی تەسكەرەی ئەنجام دا، دەركەوت كە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك بەتایبەتی لە گوندەكان، رۆژ و مانگی لەدایكبوونیان بە دروستی نازانن. زۆرجار تەنیا ساڵی لەدایكبوونیان دەزانی، یان بە ڕووداوێكی مێژوویی دەیانناسییەوە.
بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، دەزگای ئەحوالی مەدەنی بڕیاری دا، ئەگەر ساڵی لەدایكبوون دیاری بێت، بەڵام رۆژ و مانگەكە نەزانرێت، بەشێوەیەكی فەرمی یەكی تەمووز وەك كاتی لەدایكبوون تۆمار بكرێت.
هۆكاری هەڵبژاردنی یەكی تەمووز ئەوەبوو كە لە ناوەڕاستی ساڵدایە، بۆیە وەك "ڕێكەوتێكی ناوەند" دادەنرێت تا كەمترین كاریگەریی لەسەر تەمەنی یاسایی، چوونە قوتابخانە، یان خزمەتی سەربازی هەبێت، بۆیە هەزاران و بگرە ملیۆنان عێراقی، بەتایبەتی لەدایكبووی دەیەكانی 1940، 1950 و سەرەتای 1960، لە ناسنامەكانیان یەكی تەمووز وەك رۆژی لەدایكبوون تۆمار كراوە، هەرچەندە ئەوە مێژووی ڕاستەقینەی لەدایكبوونیان نەبوو.
یەكی تەمووز زۆرجار "مێژووی فەرمی" بوو، نەك "مێژووی ڕاستەقینە"ی لەدایكبوون، بۆیە تا ئێستەش زۆر كەسی عێراقی هەمان رۆژی لەدایكبوونیان لە ناسنامەدا یەكی تەمووزە.