بەرپرسێكی هەولێر هۆشداریی بە هاووڵاتییان دەدات كە ئەپی plus بەكار نەهێنن، چونكە هۆكارە بۆ بردنی سەرجەم داتاكانی ناو مۆبایل.
ئەمڕۆ دووشەم شەشی تەمووز، سەفین تاهیر بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێستە ئەپێك بەناوی (پڵاس-plus) بڵاو بووەتەوە كە لە ماركێتە فەرمییەكانی مۆبایل نییە، لە ڕێگەی نامەی (ڤایبەر و واتسئاپەوە) بۆ خەڵك دێتە ناردن.
زیاتر گوتی، كاتێك ئەو ئەپە دایدەبەزێنی، راستەوخۆ داتای ناو مۆبایلەكەت دەچێتە دەستی كەسی خاوەن بەرنامە و دوای چەند ڕۆژێك، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانت لێ دەكات.
باسی لەوەش كرد، لێرەوە هۆشداریی دەدەین هیچ بەرنامەیەك لە دەرەوی كۆگە فەرمییەكان دانەبەزێنن، لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەكی ئەلیكترۆنی، پێوەندیمان پێوە بكەن.