ژنێک لە یەکێک لە شوقەکانی هەولێر کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا و مێردەكەیشی گیراوە

:: PM:10:49:11/07/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو 11ی تەمووزی 2026، هێزەکانیان ئاگادار کراونەتەوە لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی ژنێک لە یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە ژنەکە بە ناوی (س. ا. ع)، لەدایکبووی ساڵی 1997ـە و بە ڕەگەز کوردی ڕۆژاوای کوردستانە، کە بەداخەوە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە، لە ئێستەشدا تەرمەکەی ڕەوانەی پەیمانگەی پزیشکیی دادی هەولێر کراوە.

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە دەستبەجێ هاوسەرەکەی لەلایەن هێزەکانیانەوە گیرا. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا هاوسەرەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش ڕووداوەکە دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروست بووە، ئێستەش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێک خراوە بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود