رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە، لە هێڵی سنووریی پیرانشار و سۆران، شوانێكی گەنجی كورد بە ناوی ڕێباز سلێمان ساڵح تەمەن /30 ساڵ/ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەكانی سوپای پاسداران لە هێڵە سنوورییەكانی پیرانشار و ناوچەی سیدەكانی سەر بە سۆران، شوانێكیان بە ناوی ڕێباز سلێمان ساڵح هەركی كە بۆ گەڕاندنەوەی مەڕوماڵاتەكەی نزیك سنوور ببووەوە، داوەتە بەر دەستڕێژی گولە و تەرمەكەشیان ڕفاندووە.
ئەم شوانە لە كاتێكدا كە لە لەوەڕگەكانی شاخاویی ناوچەكە خەریكی لەوەڕاندن و چاودێریی ڕانە مەڕەكەی بووە و مۆڵەتی فەرمی هەبووە، لەناكاو و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە چەكدارەكانی سوپای پاسدارانەوە كراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر كوشتنی ئەم گەنجە تا ئێستا تەرمەكەی ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.