مافی مرۆڤ: لێكۆڵینەوە لە شەهیدكردنی شوانكارێكی كورد لەلایەن پاسدارانەوە بكرێت

:: PM:05:49:12/07/2026 ‌
دەستەی مافی مرۆڤ بەیاننامەیەكی لەبارەی شەهیدكردنی شوانكارێكی سنووری سیدەكان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنن، پێویستە دەستبەجێ لێكۆڵینەوەیەكی ورد و شەفاف و نێودەوڵەتی لەم تاوانە بكرێت.

لە بەیاننامەكەی دەستەی مافی مرۆڤ هاتووە، هەواڵی شەهیدكردنی شوانێكی بێتاوانی كوردمان پێگەیشت لە ناوچە سنوورییەكانی كوێستانەكانی "كێلەشین"، كە لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تەقەی لێكراوە و دوای شەهیدكردنیشی تەرمەكەی و تەنانەت مەڕوماڵاتەكەشی بۆ ناو خاكی ئێران ڕاگوێزراون.

"ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە توندی سەركۆنەی ئەم كردەوە تاوانكارییە دەكەین، ئەم دەستدرێژییە ئاشكرایە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، پێشێلكارییەكی ڕوونی سەروەریی خاك و بەزاندنی سنوورەكانی نێوان دوو وڵاتە، هاوكات دژایەتییەكی تەواوی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤە كە پاراستنی ژیانی مرۆڤەكان لە پێشینەی كارەكانیان دادەنێن". دەستەكە وا دەڵێن.

هەروەها داوا دەكەن كە پێویستە دەستبەجێ لێكۆڵینەوەیەكی ورد و شەفاف و نێودەوڵەتی لەم تاوانە بكرێت، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند بكرێنەوە، كەس و كاری قوربانییەكە قەرەبوو بكرێنەوە.

دووپاتیش دەكەنەوە كە لە نزیكەوە و بە وردی چاودێری پەرەسەندنەكانی ئەم دۆسیەیە دەكەن و لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان لەسەر هێڵ دەبن بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلكارییە قبووڵنەكراوانە.


وشە - وشه‌