ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكرێت كە ژمارەیەك كەس و مەلای ئاینی، هاوسەرگیریی مسیاریان لەگەڵ چەندان ژن كردووە بەبێ ئەوەی مافەكانیان بۆ دابین بكەن، لە بەرانبەردا تیمێكی پارێزەران رای دەگەیەنن ئامادەن كە مافی ئەو ژنانە وەربگرنەوە.
هاوسەرگیریی مسیار جۆرێكە لە هاوسەرگیری لە ناو هەندێك لە كۆمەڵگە سوننییەكاندا، بەتایبەتی لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و عەرەبستانی سعوودی، لەم جۆرە هاوسەرگیرییەدا، هەموو مەرجە سەرەكییەكانی گرێبەستی شەرعی وەك ڕەزامەندیی هەردوو لایەن، بوونی وەلی و شایەتیدان و گرێبەست جێبەجێ دەكرێن، بەڵام ژن بە ڕەزامەندیی خۆی لە هەندێك مافی خۆی، وەك نیشتەجێبوونی هاوبەش و نەفەقە خۆش دەبێت.
هاوسەرگیریی مسیار لە یاساكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، وەك جۆرێكی سەربەخۆی هاوسەرگیریی ناسێنراو نییە، ئەگەر گرێبەستێك بەشێوەی شەرعی و یاسایی تۆمار نەكرێت، لە ڕووی یاساییەوە گرفت لە پاراستنی مافی ژن و منداڵەكان دروست دەبێت، هەروەها تا ئێستە ئاماری فەرمی و باوەڕپێكراوی حكوومی لەبارەی ژمارەی حاڵەتەكانی مسیار لە هەرێمی كوردستان بڵاو نەكراوەتەوە، بۆیە ناتوانرێت بە دڵنیایی بگوترێ چەند حاڵەت هەیە.
ژمارەیەك لە پارێزەران تیمێكی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ ئەوەی مافی ئەو ژنانە وەربگرنەوە كە بەهۆی هاوسەرگیریی مسیارەوە زیانمەند بوون.
نەبەرد عەلی پارێزەر، بە "وشە"ی گوت، ئەو ئافرەتانەی كە مسیار كراون و دواتر بەبێ ئەوەی هەق و مافیان پێ بدرێت تەڵاق دراون، دەتوانن مافەكانیان لە ڕێگەی دادگاوە وەربگرنەوە.
روونیشی كردەوە كە لە هەر شار و ناوچەیەكی كوردستان، تیمی پارێزەرانی "یاسا بۆ هەمووان"، ئامادەن بەبێ بەرانبەر هەق و ماف وەربگرین، كە بریتین لە بژێوی ڕابردوو و عیدە و بژێوی هەمیشەیی منداڵ.
هەروەها وەك ئەو گوتی یەكێكی تر لە مافەكان، دانە پاڵی ڕەچەڵەكی منداڵەكە بۆ لای پیاوە مسیارچییەكە و وەرگرتنی مارەیی.
روونیشی كردەوە كە ئامانج لەم كارە ئەوەیە تا چیتر لە ژێر ناوی ئاین و پیاوی ئاین، فێر نەبن بەناوی ئاینەوە 10 بۆ 12 ژن بهێنن و دواتر بەبێ ئەوەی مافیان پێ بدەن تەڵاقیان بدەن.