فێڵێكی نوێ لە تیكتۆك پەیدا بووە و تێیدا كۆمەڵێك كەس بەناوی ئەوەی من دەمرم و دەیان ملیۆن دۆلار جێدەهێڵم، ئەوە بووەتە هۆكاری ئەوەی دەیان هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان مایەپووچ بن.
ئەمڕۆ شەموو 18ـی تەمووز، سەفین تاهیر بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، فێڵێكی نوێ پەیدا بووە بەناوی ئەوەی خەون بە ملیۆن دۆلارەوە ببینە، یان من لەسەرەمەرگم و دەیان ملیۆن دۆلاری ئەلیكترۆنیم بۆ تۆ جێهێشتووە.
زیاتر گوتی، ئەمە ئەو داوە ژەهراوییەیە كە ئەمڕۆ لە تیكتۆكەوە بۆت دێت، فێڵبازان ناوی بەكارهێنەر و پاسوۆردی جزدانێكی ئەلیكترۆنی (USDT) ساختەت بۆ دەنێرن، كاتێك لینكەكە دەكەیتەوە، پارە خەیاڵییەكە دەبینیت.
ئاماژە بەوەش كرد، بۆ ڕاكێشانی تەماحت، سەرەتا ڕێگەت پێ دەدەن بە كڕینی ئەكاونتی VIP1 بڕێكی كەم پارە دەربهێنیت، بەڵام كاتێك دەكەویتە تەڵەكەوە و بۆ دەرهێنانی پاری زیاتر، سەتان و هەزاران دۆلاری خۆت دەكەیتە ناو پرۆگرامەكەوە، ئەكاونتەكەت قوفڵ دەبێت و هەموو پاشەكەوتەكەت لە دەست دەدەیت.
باسی لەوەش كرد، دەیان هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان تەنیا بەهۆی ئەم تەماحەوە مایەپووچ بوون.