ئەگەر بەرانبەرەكەت درۆ بكات چی بكەی باشە؟

:: PM:09:13:21/07/2026 ‌

رەنگە زۆرێك لە ئێمە لە شوێنی كار و لە بازاڕ لە كاتی شتكڕین یان مامەڵەكردن، تەنانەت لە قسەی ئاسایی نێوان كەسەكان، درۆ بكرێت، ئەو كەسە هەستی پێ نەكات یان بە كارامەیی بیكات، رەنگە گومان لای بەرانبەرەكەی دروست بكات لە راستی قسە و چیڕۆكەكەی، بەڵام پێویستە چی بكرێت؟

زۆر كەس كە رووبەڕووی درۆزنێك دەبنەوە، لە مێشكی خۆیان بیر لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی دەكەنەوە، لەوانە بێدەنگبوون و رووبەڕووبوونەوەی و ئاماژەی سووك بۆ ناڕاستیی قسەكانی، جوشوا ماسۆن كە 13 ساڵ وەك لێكۆڵەری پۆلیس كار دەكات، باسی باشترین رێگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسانە دەكات، پێی وایە ئارامگرتن و گۆڕینی دۆخەكە بەو شێوەی درۆكردن تیایدا زەحمەت بێت، باشترین رێگەیە.

ماسۆن پێی وایە زۆرێك لەو هەڵوێستەدا دوو هەڵە دەكەن، یەكەم، توڕەبوون و رووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسە، دووەم هەوڵدان بۆ سووككردنی بابەتەكە و شەرمەزارنەكردنی كەسی بەرانبەر و دۆزینەوەی دەربازێك بۆی، لە رێگەی گۆڕینی بابەتەكە، ئەو لە بری ئەوە باسی سێ هەنگاو دەكات كە باشترینن بۆ رووبەڕووبوونەوەی كەسی درۆزن، وا دەكەن ئەو كەسە لە قسەكردن نەوەستێت، بەڵام بە زەحمەت لە درۆكردن بەردەوام بێت. 

وەك ئەو لێكۆڵەرە دەڵێت، یەكەم/ لە بری تۆمەتباركردنی هەلێكی پێ بدە، تێبینی بابەتیانەی بۆ بكە، وەك ئەوەی "هەست دەكەم چیڕۆكەكە هەر ئەوەندە نییە" یان "پێ دەچێت ئاسایی نیت"، ئەو ناچار دەبێت وەڵام بداتەوە و شتی تر بڵێت و بێزار ببێت، دووەم/ پرسیاری لێ بكە "ئینجا چی بوو؟"، "چیت كرد؟" و "ئەوكاتە تۆ بیرت لە چی دەكردەوە؟"، ئەو شتی نوێت بۆ باس دەكات و قسەكانی لەبارەی شتی كۆن و ئەوەی وەڵامت دەداتەوە لەگەڵ یەكتر ناگونجێن و سەری لێ دەشێوێت، سێیەم/ كاتێك قسەكانی دژبەیەك بوون، لێی گەڕێ با خۆی بێدەنگ بێت و راراییەكەی بەردەوام بێت، لە رووی دەروونییەوە شەكەت دەبێت، واتە لێی گەڕێ با لە هەمان بابەت قسە بكات و زوو مەیخە ناو بابەتێكی نوێوە.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل