فەرماندەی لیوایەكی سوپای عێراق دەخنكێت

:: AM:08:53:25/07/2026 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەغدا رای گەیاند، فەرماندەی لیوایەكی سوپای عێراق لە رووباری دیجلە و لە كاتی مەلەكردندا، خنكاوە و گیانی لە دەست داوە. هاوسەرەكەیشی سكاڵای لەسەر هیچ كەسێك تۆمار نەكردووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" لەسەر زاری سەرچاوە تەناهییەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، عەمید روكن فەیسەڵ خەفاجی كە فەرماندەی لیوای 103 لە فرقەی 25ی سوپای عێراقە، بەهۆی مەلەكردن لە ناو رووباری دیجلە كە بە خێزانەوە لەوێ بوون، خنكاوە و گیانی لە دەست داوە، هاوسەرەكەیشی كە لەگەڵیدا بووە پێی وایە رووداوەكە ئاسایی بووە، بۆیە سكاڵای لەسەر هیچ كەسێك تۆمار نەكردووە.

لەبارەی رووداوەكەوە سەرچاوەكە زیاتر دەڵێت، فەیسەڵ خەفاجی لە كەناراوەكانی رووباری دیجلە و لە ناوچەی قەسیرەیندا مەزرەعەیەكی بە كرێ گرتووە و بە خێزانەوە لەو شوێنە بوون. دوای رووداوەكە هاوسەرەكەی بۆ پۆلیس رای گەیاند، هاوسەرەكەی بۆ مەلەكردن چووەتە ناو ئاوەكە و دوای ماوەیەكی زۆر كەم لە مەلەكردن، نقوم بووە و ئیتر دیار نەماوە، ئاكام خنكاوە و گیانی لە دەست داوە، بۆیە ئامادە نەبووە سكاڵا لەسەر هی كەسێك تۆمار بكات و رووداوەكە چارەنووسی خۆی بووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د