پیاوێك لە كەركووك هاوسەری دووەمی دەكوژێت

:: AM:09:54:26/07/2026 ‌
لە رووداوێكی توندوتیژیدا شەوی رابردوو لە كەركووك، پیاوێك هاوسەرەكەی دەكوژێت وەك دەگوترێ هاوسەری دووەمیەتی. پۆلیس گرتنی بكوژەكەی راگەیاند و لێكۆڵینەوە بۆ هۆكارەكەی بەردەوامە.

پێگەی "شەفەق نیوز" لەسەر زاری سەرچاوەیەكی تەناهی لەبارەی رووداوەكەوە روونی كردەوە، شەوی رابردوو لە گوندی ساتیی سەربە شارەدێی قەرەهەنجیری سەربە پارێزگای كەركووك، پۆلیس ئافرەتێكی لە ناو ماڵەكەی بە كوژراوی دۆزییەوە، سەرەتا گومان كرا بكوژ كوڕەكەی بێت، بەڵام دواتر دەركەوت هاوسەرەكەیەتی و ژنەكەیش ژنی دووەمی پیاوەكەیە.

سەرچاوەكە زیاتر دەڵێت، ژنەكە ناوی "ف. م"ە و تەمەنی 39 ساڵە و خەڵكی قەزای حەویجەی سەربە كەركووكە. لە سەرەتادا گومان دەكرا كوڕی ژنەكە بكوژەكە بێت، بەڵام لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوت بكوژ هاوسەرەكەیەتی و بە كڵاشینكۆف تەقەی لێ كردووە و كوشتوویەتی.

تا ئێستە روون نییە هۆكاری كوشتنی ئەو ژنە چی بووە، لایەنی پێوەندیدار تایبەت لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكەن تا بگەنە هۆكاری كوشتنەكە.

دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د