فرۆشتنی گۆشتی كەر لە عێراقدا روو لە زیادبوونە

:: PM:01:55:04/06/2023 ‌
بۆ مانگی دووەم، پرسی بازرگانیكردن بە گۆشتی كەر لە بازاڕەكانی عێراق، مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری حوزەیران، ماڵپەڕی ''ئەلعەرەبی جەدید'' بڵاوی كردەوە، بڕێكی زۆر گۆشتی كەر لە چێشتخانەیەكدا دۆزرایەوە و دەست بەسەرداگرتنی 50 كەر لە سەربڕخانەیەكی ناوجەرگەی باكوری شاری مووسڵ راگەیەنرا  کە دەستبەجێ چێشتخانەكە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە داخرا، هاوکات بەرپرسانی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی، گرتنی قەسابێكیان بەتۆمەتی سەربڕینی ئەسپێك راگەیاند.

ماڵپەڕەكە ئاماژەی دا، ئەو مشتومڕە دوای ئەوە دێت، نرخی گۆشت بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرز بووەوە و نرخەکەی لە 15 هەزارەوە بووە 20 هەزار دینار، ئەمیش لە توانای زۆری هاووڵاتییاندا نەبووە كە بەشێوەیەكی سەرەكی بەدەست بژێوی و قەیرانەوە دەناڵێنن، بەهۆی ئەو خەرجییە لاوەكییەی كە رۆژانە دووچاری دەبنەوە.

ئەو ماڵپەڕە دەشڵێت، تا ئێستە هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی و هیچ  لیژنەیەك لەبارەی گۆشتی كەر و گوێدریژ دەرنەچووە، بەڵام لیژنەی چاودێریی تەندروستی، دەست بەسەرداگرتنی 50 كەر لە ناوچەی باب شەنگال كە دەكەوێتە باكوری شاری مووسڵ راگەیاند، كە گۆشتەكە لەگەڵ بەهارات تێكەڵ دەكەن و بە نرخی شەش هەزار دەیفرۆشنەوە بە هاووڵاتییان.

لە مادەی ژمارە 146 یاسای عێراقی كە لە ساڵی 1998دا دەرچووە، ئەو كەسانەی گۆشتی كەر و سەگ دەفرۆشن یان دەرخواردی هاووڵاتییانی دەدەن، سزای حەوت بۆ 10 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.




وشە - لاڤین عومەر