بۆچی یەكشەم و دووشەم مردن زیاترە؟

:: PM:05:25:05/06/2023 ‌

رەنگە ئەو ناونیشانە سەیر بێت، چونكە مردن بە تەواوەتی پێوەست نییە بە كات و مردن هۆكاری خۆی هەیە كە ئەوانە كۆتایی ژیان دیاری دەكەن، لەوانە نەخۆشی و رووداوەكان و تا كۆتایی، توێژینەوەیەكی زانستی ئاماژە دەكات كە ئەگەری تووشبوونی مرۆڤ بە نۆرەی دڵی بكوژ لە رۆژانی دوای كۆتایی هەفتە زیاترە لە هەر رۆژێكی تر.

وەك رۆژنامەی "The Times"ی بەریتانی باسی دەكات، ئەو پشكنینانەی زانایان لەسەر 10.528 نەخۆش لە ئێرلەندا ئەنجامیان داوە، كە بەهۆی تووشبوونیان بە نۆرەی دڵ لە ماوەی پێنج ساڵ رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون، دەریانخست كە تێكڕای تووشبوون بە نۆرەی دڵ بە رێژەی 13% لە رۆژانی دووشەم زیاترە، واتە رۆژی دوای كۆتایی هەفتە لای وڵاتە رۆژئاواییەكان. 

زانایان وای بۆ دەچن كە هۆكارەكەی ئەوەیە كە لە رۆژانی كۆتایی هەفتەدا سرووشی نوستن و لەخەوهەستانی سروشتی لەش و سەعاتی بایۆلۆجی پەكی دەكەوێت، چونكە لەو رۆژانەدا تا سەعاتێكی درەنگی شەو خەڵك لە دەرەوە دەمێننەوە یان لە حاڵەتێكی حەسانەوەی تەواودا دەبن، دوای ئەو رۆژە و لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی و سەر كارەكانیان، واتە لە رۆژانی یەكشەم و دووشەم، ئاستی هەوكردن و هۆرمۆنەكانی رارایی بەرز دەبێت و ئەگەری زیاترە تووشی نۆرەی دڵ ببنەوە.

د. جاك لافان، سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە لە دامەزراوەی بەلفاست بۆ چاودێری تەندروستی و كۆمەڵایەتی دەڵێت، بوونی پێوەندییەكی بەهێزی ئامارەكانمان لە نێوان رۆژانی سەرەتای هەفتەی كاركردن و تووشبوون بە كێشە لە ماسولكەكانی دڵ دۆزییەوە، ئەگەری هەیە هۆكارەكەی بۆ چەند فاكتەرێك بگەڕێتەوە، كە رەنگە سەعاتی بایۆلۆجی یەكێكیان بێت.

ساڵانە لە بەریتانیا 100 هەزار حاڵەتی نۆرەی دڵ لە نەخۆشخانەكان هەیە، ئەوكاتە روو دەدات كە گەیشتنی خوێن بۆ ماسولكەكانی دڵ دەوەستێت، لە هۆكارەكانیتری تووشبوون بە نۆرەی دڵ، بەرزیی پەستانی خوێن و رێژەی شەكرە و قەڵەوی و بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆڵ و پیسبوونی هەوا و جگەرەكێشان، لە هەر 10 حاڵەت حەوتیان رزگاریان دەبێت، بەڵام زۆرێكیان تووشی شێوانی درێژخایەنی ماسولكەی دڵیان دەبنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل