مێشێكی زیندوو لەناو ڕیخۆڵەی نەخۆشێكدا دۆزرایەوە

:: PM:07:27:26/11/2023 ‌
نەخۆشێكی تەمەن 63 ساڵ لە ویلایەتی میزۆریی ئەمەریكا لە پشكنینی ڕیخۆڵەكانی مێشێكی زیندوو دەردەكەوێ.

پیاوێک لە ویلایەتی میزۆری ئەمەریکا، لە كاتی پشكنین بۆ شێرپەنجەی قۆڵۆن كە تیایدا كامێرەی تایبەت بە كار دەهێندرێ بۆ ناو كۆئەندامی هەرس، مێشێکی زیندوویان لە قووڵایی ڕیخۆڵەکانی دۆزیەوە.

 ئەمەیش جێگەی سەرسووڕمانی پزیشكەكان بووە كاتێك كامێرای پشكنینەكە گەیشتووەتە بەشی transverse colon كە بەشی سەرەوەی درێژ و هەڵواسراوی ڕیخۆڵە گەورەیە مێشێكی زیندوو و تەواو تەندروستیان بینیوە.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، پزیشكەكان لەگەڵ سەرسووڕمانیان بەم حاڵەتە نامۆ و دەگمەنە روونیان كردووەتەوە كە چۆن ئەم مێشە گەیشتووەتە ناو ریخۆڵەی ئەم نەخۆشە و دەڵێن، ڕەنگە هۆکاری خواردنی کاهووی پیس بێت کە پیاوەکە ڕۆژێک پێش پشکنینەکە خواردوویەتی.

پزیشكەكان ڕایان گەیاندووە، لە حاڵەتی دەگمەندا؛ هێلكەی ئەو مێرووانەی كە لەسەر سەوزە و میوەكاندا هەن، دەتوانن لە ترشی گەدەدا بژین و لە ریخۆڵەكاندان گەشە بكەن.

سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشی لە ئەمریکا دەڵێ، لەم حاڵەتەدا هەندێک لە نەخۆشە تووشبووەکان هیچ نیشانەیەکیان لێ بەدەرناكەوێت، بەڵام هەندێکی تر هەست بە ئازاری سک و ڕشانەوە و سکچوون دەکەن.


وشە - رزگار خدر