ماڵپەڕی ''
BBC'' ڕای گەیاند، بۆ یەکەم جار جۆرە پەتایەک لە ناو خەڵکیدا بڵاوبووەتەوە کە لەناو بەرازدا باوە.
بەرپرسانی تەندروستیی بەریتانیا دەڵێن، ئەمە یەکەمین جارە ڤایرۆسی لەم جۆرە لە ناو خەڵکیدا بڵاوببێتەوە و لە نزیکەوە چاودێریی تەشەنەسەندنی پەتاکە دەکەن.
ئەم ئەنفلۆنزا نوێیە بە ''A(H1N2)v'' ناونراوە و لە پشکنینێکی ئاسایی پەتای وەرزیدا بەدەرکەوتووە، کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە ڕەوشێکی ئاساییدا بووە و زوو چاکبووەتەوە لە نەخۆشییەکە، بەڵام پزیشکان بەردەوامن لە پشکنینەکانیان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.
تا ئێستە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، حاڵەتی تری هاوشێوە تۆمارکراوە لە مانگی ئابی ئەم ساڵ لە وڵاتی ئەمەریکا.
ئەوەی کە پزیشکە بەریتانییەکانی خستۆتە گومانەوە بریتییە لەوەی، کە ئەم ڤایرۆسە لە ڤایرۆسەکانی تری ئەنفلۆنزا ناچێت و تەنیا لە ناو بەرازدا باوە.
پێشتر لە ساڵی 2009 ڤایرۆسی ئەنڤلۆنزای بەراز لە ناو خەڵکیدا بڵاوبووەوە، کە بەهۆی باڵندە، بەراز و مرۆڤەکانەوە گواستراوەتەوە.
ئێستە بەریتانیا هەموو خاوەن کێڵگەی بەرازەکانی لەوە ئاگادار کردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون، لە ئەگەری تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای بەراز لە ناو کێڵگەکانیاندا، ڕاستەوخۆ پزیشکی ئاژەڵان (ڤێتێنەری) ئاگادار بکەنەوە، ئەمەیش بۆ ڕێگری کردن لە گواستنەوەی هەر ڤایرۆسێکی هاوشێوە بۆ ناو خەڵکی.