شەش لە سوودەكانی گوێزهیند لە سەرووی هەموویانەوە دابەزاندنی کێش

:: PM:06:57:27/11/2023 ‌
گوێزهیند یارمەتی چالاککردنی هەرس و کەمکردنەوەی شەکری خوێن دەدات، بەکارهێنانی ئاردی گوێزهیند وەک جێگرەوەیەک بۆ ئاردی گەنمی باو، سوودی تەندروستیت پێ دەبەخشێت و دەرگا بەڕووی گۆڕانكاریی نوێ لە چێشتخانەدا دەکاتەوە بۆ ئەوانەی بەدوای پێکهاتەی جێگرەوەی خۆراکیدا دەگەڕێن، ماڵپەڕی "WIO News" بڵاویكردووەتەوە، ئاردی گوێزهیند خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانەیە:

1.خاڵییە لە گڵۆتین
گلوتین پێكهاتەیەكی پرۆتینییە و لە هەندێك دانەوێڵەدا هەیە وەك گەنم و جۆ، ئاردی گوێزهیند بە شێوەیەکی سروشتی بێ گلوتینە، ئەمەیش وایکردووە ببێتە هەڵبژاردەیەکی نایاب بۆ ئەوانەی هەستیارن بە گلوتین یان نەخۆشیی بەدهەرسییان هەیە، ڕێگەت پێ دەدات چێژ لە هەویرەمەنییەکان وەربگریت.

2.دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ
ئاردی گوێزهیند سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵی خۆراک، ڕێژەی بەرزی ڕیشاڵەکان یارمەتی هەرسکردن دەدات و زووتر هەست بە تێربوون دەكەیت، یارمەتی ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن دەدات، گوێزهیند بژاردەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ڕێژەی خواردنە ڕیشاڵەکانیان زیاد بکەن.

3.دەوڵەمەندە بە مادە خۆراکییەکان
ئاردی گوێزهیند پڕە لە مادە خۆراکییەکان، لەوانە پرۆتین و چەوری تەندروست و ڤیتامین و کانزای جۆراوجۆر،هەروەها زیادکردنێکی بەنرخی خۆراکییە بۆ ژەمەکان، سەرچاوەیەكی خۆراکیی تەواو و هاوسەنگە.

4.شەکری خوێن ڕێک دەخات
بەهۆی کەمی ڕێژەی شەکر لە ئاردی گوێزهیند، یارمەتی ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن دەدات، بژاردەیەکی گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە یان ئەوانەی دەیانەوێت ئاستی شەکری خوێنیان ڕێک بخەن. 

5.کەمیی کاربۆهیدرات
بەراورد بە ئاردی گەنم، ئاردی گوێزهیند کەمتر کاربۆهیدراتەکانی تێدایە، ئەمەیش دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ ئەوانەی کە رجیمی کەمی کاربۆهیدرات یان کیتۆ پەیڕەو دەکەن، یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن دەدات و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کێشی لەش.

6.بەکارهێنانی هەمەجۆری هەیە
دەكرێ ئاردی گوێزهیند پێکهاتەی ئامادەكردنی هەردوو جۆری خواردنی شیرین و سوێر بێت، دەتوانرێت لە چەندان جۆر خواردندا بەکاربهێنرێت، لە کاری هەویرەوە تا خواردنی گۆشت و سەوزە، ئەمەیش چێژێكی تایبەت دەبەخشێت بە خواردنەكان.


وشە - رزگار خدر