لەڕووی جەستەییشەوە تەندروست بیت قەڵەوی هەر مەترسییە بۆ شێرپەنجە

:: PM:09:18:29/11/2023 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 29ی تشرینی دووەم، بەپێی نوێترین توێژینەوە دەركەوتووە کێشی زیادە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی جەستەییشەوە لەشجوان و تەندروست بیت.

توێژینەوەكە كە لە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوكراوەتەوە تیایدا هاتووە، لەشجوانی بەس نییە بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەكانی توشبوون بە شێرپەنجە، بەڵكو پاراستنی کێشێکی تەندروست گرنگترین هۆكاری خۆپارستنە.

توێژەرەكان دەڵێن، ئەو کەسانەی کێشیان 15% یان زیاتر لە ئاستی ئاسایی زیاترە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک، قۆڵۆن، گەدە و میزڵدان بە ڕێژەی 50% زیاترە.

لە توێژینەوەكەدا ئاماژە دراوە، چەوریی زیادە هۆرمۆن و ماددە کیمیاییەکان دەردەدات کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی هەوکردن و گەشەی خانەکان لە جەستەدا هەیە، ئەمەیش ئەگەری گۆڕانیان بۆ شێرپەنجە زیاد دەکات.

ئەم توێژینەوەیە لەسەر زیاتر لە 100 هەزار کەسی ئەمەریکایی ئەنجام دراوە و لە گۆڤاری "نیو ئینگلاند جۆرناڵ ئۆف مێدیسین" بڵاوكراوەتەوە كە گۆڤارێكی پزیشكیی جیهانییە، ئامانجی توێژینەوەكە بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی و خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجەیە.


وشە - رزگار خدر