مەترسیی پچڕانی هەناسە لە كاتی خەو و نیشانەكانی چین؟

:: PM:09:56:30/11/2023 ‌

یەكێك لە حاڵەتە تەندروستییە مەترسیدارەكان پچڕانی هەناسەی مرۆڤە لە كاتی خەودا، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە ئەگەر پرخە پڕخی مرۆڤ لە كاتی خەودا بەهێز بێت، ئەگەری هەیە بە دەست پچڕانی هەناسەوە بناڵێنێت، كە ئەوەش مەترسیدارە، كاتێك بۆ هەر جارێك هەناسە بۆ ماوەی 10 چركە یان زیاتر دەوەستێت. 

توێژینەوەیەكی ئەكادیمیای ئەمەریكی بۆ پزیشكیی خەو ئاماژە بۆ بوونی پێوەندی لە نێوان ئەو حاڵەتە و بچووكیی مێشك و ئەو زیانانە كە بە مادەی سپی مێشك، تەنانەت زیادبوونی مەترسیی مردن بۆ سێ هێند لەبەر هەر هۆكارێك دەكات، ئەكادیمیایەكە دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ئەو پچڕانە چارەسەر نەكرێت، دەبێتە هۆی تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشی دڵ و جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و خەمۆكی و مردنی پێشوەختە.

توێژینەوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە تووشبووی حاڵەتەكە ناتوانێت خۆی پێی بزانێت، مەگەر كەسێك لە رێگەی دەنگی پرخە پرخی بەهێزییەوە ئاگەداری بكاتەوە، د. راج داسغۆبتا، پسپۆڕی خەوتن و نەخۆشیی سییەكان لە زانكۆی پزیشكی لە زانكۆی باشووری كالیفۆڕنیا دەڵێت، لە ئەمەریكا زیاتر لە 30 ملیۆن كەس ئەو حاڵەتەیان هەیە، زۆرجار حاڵەتەكە بە هەڵە دەستنیشان دەكرێت، چونكە هەندێك لە نیشانەكانی روون نین و بە نیشانەی بوونی كێشە لە مێشك یان لێڵیی مێشك یان كێشەی ترەوە دەچن.

ئەو پسپۆڕە لە باسی نیشانەكانی دووپاتی كردەوە، ئارەقەكردنی شەوانە، كە 30%ی تووشبوویان هەیانە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئۆكسجینی پێویست ناگاتە لەش و شەوانە ئارەقە دەكات، هەستانی شەوانە بۆ میزكردن دووجار یان زیاتر، ئەوەش رەنگە نیشانەیەكی پچڕانی هەناسە بێت، جیا لە دەنگی لێكخشانی ددانەكان و پەستان كەوتنەسەریان، بەهۆی داخرانی بۆری هەوا، كاتێك ماسولكەكانی دەم و شەویلاك هەوڵی كردنەوەی دەدەن، ئەوانە لە پاڵ سەرئێشە لە دوای خەو.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل