هەوكردنی ماسولكەكان حاڵەتێكی ئازاربەخشە و بەتایبەتی بۆ ئەوانە دەچنە ناو ساڵەوە واتە بەساڵاچوون، جۆری ژیانیان تێكدەدات و بۆ ئەوەیش زیاتر پەنا بۆ ئازارشكێنەكان دەبەن كە ئەوەیش چارەسەری ریشەیی نییە. پسپۆرێكی بواری خۆراك ئاماژە دەدات كە بە سیستمێكی خۆراكیی تایبەت، دەتوانن لەناو هەشت هەفتەدا هەوكردنی ماسولكەكان نەهێڵن یان كەمتری بكەنەوە.
پێگەی "عەرەبیە" هەواڵەكەی لە پێگەی ZOE Health وەرگرتووە كە تامیكۆ كاتسۆمۆتۆ پسپۆری بواری خۆراك لە زانكۆی ستانفۆرد قسەی بۆ كردووە، ئاماژەی داوە كە هەوكردنی ماسولكەكان زیاتر لە 100 جۆری هەیە، بەڵام لەناویاندا دوویان سەرەكین كە یەكیان بەریەككەوتنی ئێسكەكان و ئەوی تریشیان هەوكردنی ماسولكەی رۆماتۆیدییە، بۆ ئەوانەیش دەتوانرێ بە سیستمێكی خۆراكی هەوكردنەكە كەمتر بكرێتەوە.
ئەو پزیشكە دەڵێت، زۆر خۆراك هەن هۆكارن بۆ هەوكردنی ماسولكەكان، بەتایبەتی بەرهەمە دروستكراوەكان، ئەوە وا دەكات هەندێك جار كەسەكە تووشی هەوكردنێكی درێژخایەن بێت، لەبری خۆراكی بەرهەمە دروستكراوەكان و بۆ نەهێشتنی هەوكردنی ماسولكەكان، بایەخدان بە خواردنی رووەكی و ماسی و دانەوێڵە و چەرەزات و پاقلەمەنییەكان و فاسۆڵیا و نیسك زۆر گرنگە، لەگەڵیدا دووركەوتنەوە لە گۆشتی سوور و بەرهەمە شیرەمەنییەكان.
ئەو پزیشكە ئەوەش دەڵێ كە بۆ خۆراكە رووەكییەكان، بایەخ بە خواردنی برۆكلی و كەلەرم و سەوزە گەڵادارەكان بدەن، ئەو خۆراكانە كاریگەریی زۆریان هەیە بۆ كەمكردنەوەی هەوكردنی ماسولكەكان. جیالەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵ و پرۆتین و ئۆمیگا3.
ئەو پزیشكە دەڵێت بۆ كەمكردنەوەی هەوكردنی ماسولكەكان، زیاتر بایەخ بە ئۆمیگا3 بدەن كە بۆ ئەوەیش خواردنی ماسی بەتایبەتی ماسییە بچووكەكان، نموونەی ماسیی توونە. جیالەوەی بایەخ بە راهێنانی وەرزشی بدەن وەك رۆیشتن بە پێ و مەلەكردن و یۆگا، ئەوەیش وا دەكات پاڵەپەستۆ لەسەر ماسولكەكان كەمتر ببێتەوە، هاوكات كەمكردنەوەی كێش هۆكارە بۆ نەهێشتنی ئەو ئازارەی بەهۆی هەوكردنی ماسولكەكانەوە تووشی دەبن.