دووگیانی یەكێكە لە ناسكترین قۆناغەكانی ژیانی ئافرەت، پێویستی بە چاودێری تایبەت و ئەوپەڕی گرنگیدان بە تەندروستیی خۆی و كۆرپەڵەكەی هەیە، بەڵام زۆر لە خانمان پرسیاری ئەوەیان لە مانگی رەمەزاندا لا دروست دەبێت كە ئایا بەڕۆژووبوون چ كاریگەرییەكی لەسەریان هەیە؟.
زۆر لە توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە كاریگەریی ڕۆژووگرتن لەسەر دووگیانی بەپێی بارودۆخی تەندروستیی ژنەكە دەگۆڕێت، بەپێی توێژینەوەیەكی ئەمدواییە كە لە گۆڤاری ئەمەریكی بۆ منداڵبوون و ئافرەتان بڵاو كراوەتەوە، هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە نەبووە كە بەڕۆژووبوون كاریگەریی نەرێنی بەرچاوی لەسەر كێشی كۆرپەڵە یان مەترسی لەدایكبوونی پێشوەختە هەبێت، بەڵام زیادبوونی ئاستی گوشار و وشكبوونەوەی لەش لە دایكانی دووگیاندا ئاماژەی پێ كراوە.
لەلایەكی ترەوە، هەندێك لە لێكۆڵینەوەكان هۆشداری دەدەن لە مەترسییەكانی بەڕۆژووبوون لە مانگەكانی یەكەم و كۆتایی دووگیانیدا، ئەو خانمانەی تووشی سكچوونێكی زۆر یان ڕشانەوەیەكی بەردەوام دەبن، ئامۆژگاری دەكرێن بەڕۆژوو نەبن، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی لەش و بەدخۆراكی. هەروەها ئەو خانمانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەك شەكرە یان بەرزیی پەستانی خوێن، پێویستە پێش بڕیاردان لەسەر بەڕۆژووبوون، ڕاوێژ بە پزیشكەكەیان بكەن.
لین فەرەج دكتۆرێكی پسپۆڕی خۆراكە و
دەڵێت، ژەمێكی پارشێو بخوات كە دەوڵەمەندە بە پرۆتین، وەك هێلكە و دانەوێڵەی تەواو، هەروەها بڕێكی پێویست ئاو بخواتەوە لە نێوان بەربانگ و پارشێودا بۆ ئەوەی لە وشكبوونەوە دوور بكەوێتەوە. هەروەها پێویستە خۆی لە خواردنە خوێ و چەورەكان بەدوور بگرێت كە ڕەنگە ببێتە هۆی تینوویەتی، ئەمە جگە لەوەی وردە وردە ڕۆژوو دەشكێنێت بە خواردنی خورما و ئاو، پاشان خواردنێكی كەمی سووك پێش خواردنی ژەمە سەرەكییەكە.
هەروەها فەرەج دووپات لەسەر پێویستی وەستاندنی ڕۆژوو دەكاتەوە ئەگەر هەستت بە سەرگێژخواردنی توند، ڕشانەوەیەكی بەردەوام، یان لاوازی جووڵەی كۆرپەڵە كرد.