كاریگەریی رۆژووگرتن بۆ ئەوانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە دوو جۆرە، جۆرێكیان ئەگەر نەخۆشییەكە جێگیر بێت و ئازاری بەدواوە نەبێت، ئاساییە بەڕۆژوو بن، جۆرەكەی تر كە رۆژانە چەند جارێك تووشی ئازاری سینگ دەبن یان تووشی هەناسەسواری دەبن، بەهیچ شێوەیەك نابێت بەرۆژوو بن. ئەوەیش پسپۆرانی بواری نەخۆشییەكانی دڵ وا دەڵێن.
بەشی تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، بۆچوونی پسپۆرانی نەخۆشییەكانی دڵی وەرگرتووە لەبارەی ئەوانەی دەیانەوێ لە رەمەزاندا بەرۆژوو بن و كاریگەریی لەسەر نەخۆشییەكەیان چۆن دەبێت، بۆ ئەوەیش دەڵێن بەرلە رۆژووگرتن، پێویستە نەخۆش رێنوێنیی پزیشكی پسپۆر وەربگرێت. دووپات دەكەنەوە نەخۆشیی دڵ دوو جۆرە، جۆرێكیان ئەگەر نەخۆشییەكە جێگیر بێت و ئازاری بەدواوە نەبێت، ئاساییە بەڕۆژوو بن، جۆرەكەی تر كە رۆژانە چەند جارێك تووشی ئازاری سینگ دەبن یان تووشی هەناسەسواری دەبن، بەهیچ شێوەیەك نابێت بەرۆژوو بن.
پسپۆران دەڵێن هەندێك دەرمانی تایبەت بە دڵ هەن دەبێت بەرلە بەكارهێنانیان، خواردن بخۆن، بۆیە ئەو جۆرە نەخۆشانە نابێت بەرۆژوو بن، هاوكات دەكرێ بەپێی رێنوێنیی پزیشكی پسپۆر، رەنگە بەپێ دۆخی نەخۆشەكە بتوانرێت كاتی بەكارهێنانی دەرمانەكەی رێكبخرێت، ئەویش بەپێی خواردن لە ئێوارە تا پارشێو. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دووركەوتنەوە لە دەرمانەكان، مەترسیی هەیە.
پسپۆرانی بواری دڵ و نەخۆشییەكانی، ئامۆژگاری دەكەن كە ئەوانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە، پێویستە رێژەیەكی زۆر ئاو و ئاوی میوەی سروشتی و شلەمەنیی بخۆن و بخۆنەوە، بەڵام خواردنی شلەمەنییەكان نابێت بە یەك جار بێت، بەڵكو دابەش بكرێتە سەر كاتەكان لە ئێوارەوە تا پارشێو. هاوكات ئەوانەی پلەی گەرمییان بەرز دەبێتەوە، نابێ خواردنی شلەمەنی فەرامۆش بكەن نەك جەستەیان تووشی وشكبوون بێت كە بۆ نەخۆشیی دڵ مەترسیدارە.
ئامۆژگاریی ئەوەیش دەكەن كە نەخۆشانی دڵ لە سیستمی خۆراكدا وریابن، دەبێ ژەمەكانیان تەندروست و هاوسەنگ بێت لەناو خۆراكە پێویستەكان بۆ جەستە. جیالەوەی زۆر گرنگە ئەوانەی كێشەی دڵیان هەیە و ئەو كاتانەی بەڕۆژوون، لە راهێنانی وەرزشی و جەستەیی دوور بكەونەوە. هاوكات لە كاتەكانی رۆژووگرتندا پێویستە چاودێریی وردی پاڵەپەستۆی خوێن و رێژەی شەكر بكەن نەك كاریگەریی نەرێنی لەسەر گیانیان دروست بكەن.