ئینفلەوەنزای گەدە چییە و مەترسییەكانی چین؟

:: PM:08:53:17/03/2025 ‌

هەوكردنی گەدە و ریخۆڵەكان یان ئینفلەوەنزای گەدە نەخۆشییەكە تووشی پەردەی ناوپۆشی گەدە و ریخۆڵە دەبێت، دەبێتە هۆی شێوانی پرۆسەی هەرسكردن و مژینی مادە خۆراكییەكان لە ریخۆڵە، پزیشكێك ئاماژە بۆ مەترسیداریی نەخۆشییەكە دەكات و بە پێویستی دەزانێت چارەسەری بۆ بكرێت.

د. یكاترینا كاشوخ پسپۆڕی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس دەڵێت، هەوكردنی گەدە و ریخۆڵە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی هەوكردنی پەردەی ناوپۆشی گەدە و ریخۆڵە و ئەوەش دەبێتە هۆی تێكچوونی كرمەجووڵەی ریخۆڵەكان و سكچوون یان قەبزی، پەردە هەوكردووەكە توانای بۆ مژینی ئاو و خوێ و مادە خۆراكییەكان كەمتر دەبێتەوە، جیا لەوەی دەبێتە هۆی ورووژانی كۆتایی هەستە دەمارەكان لە ریخۆڵە و ئەوەش ئازاری سك و هیڵنج و رشانەوە دروست دەكات.

ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە، هۆكاری سەرەكیی هەوكردنی گەدە و ریخۆڵەكان ڤایرۆس و بەكتریا و مشەخۆرەكانن، بەكارهێنانی ناڕێكی دوورودرێژی دەرمان یان دەرمانە ناسترۆیدییە دژەهەوكردنەكانە كە پەردەی ناوپۆشی گەدە و ریخۆڵە دەورووژێنن، هەندێك جاریش بەهۆی هەستیاری بۆ خۆراكەوە دەبێت، لە پاڵ رارایی و بەدخۆراكی وەك خواردنی تون و چەور و لە رۆن سوورەوەكراوە، ئەوانە نەخۆشییەكە قورستر دەكەن.

ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات كە لە حاڵەتی ئاسایی نەخۆشییەكە لە ماوەی حەوت رۆژدا ون دەبێت، لە هەندێك حاڵەتیش نیشانەكانی پەرە دەستێنن وەك وشكهەڵگەڕان و شێوانی هاوسەنگیی بەكتریایی لە ریخۆڵە و بەو هۆیەوەش كێشەی دریژخایەن لە كۆئەندامی هەرس سەر هەڵدەدات، بۆیە پێویستە لە كاتی دەركەوتنی هەندێك نیشانە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت، وەك تا و دەركەوتنی خوێن لە رشانەوە و پاشەڕۆ و وشكهەڵگەڕانی دەم و كەمبوونەوەی میزكردن و داهێزران و رووچوون و قۆڵبوونی چاوەكان.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل