لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر خاوەنی ئەو دەرمانخانە پێكهات كە تۆمارە دەنگییەكەی بڵاو بووەوە

:: PM:08:02:26/03/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بڕیار درا بە دانانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو دەرمانخانەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا تۆماری دەنگیی بڵاو بووەوە. هاوكات ئاماژەیشی كردووە، هەمان ئەو دەرمانخانەیە پێشووتر هەشت مانگ داخراوە بەهۆی سەرپێچی و هەبوونی دەرمانی قاچاخ و نایاسایی قەدەغەكراو. 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، 26ی ئاداری 2025، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA هاتووە، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگیی خاوەن دەرمانخانەیەکی شاری هەولێر لە سۆشیال میدیا، کە داوا لە کارمەندەکانی دەکات چارەسەرییەکان بگۆڕن و بوونی چەند بەڵگەیەکی گۆڕینی جۆر و ژەمی چارەسەر و دەرمانی نەخۆش، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاسپاردەی پزیشکی چارەسەرکار، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکهێنرا.
 
"وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە (1)ی ساڵی 2020، و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە ژمارە (16)ی ساڵی 2023، بڕیاردرا بە پێکهێنانى لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ داواکاریی گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دیاردەیە و پاراستنی کاریگەری و سەلامەتیی دەرمان لەسەر نەخۆش، هەروەها وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر ئەو سەرپێچییە". لە راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتییەكەدا وا هاتووە. 

هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان ئاماژەی داوە، لە هەمان کاتدا ڕای دەگەیەنین لە ساڵانی ڕابردوو هەمان دەرمانخانە بۆ ماوەی هەشت مانگ داخرا بەهۆی سەرپێچی و بوونی دەرمانی قاچاغ و نایاسایی و قەدەغەکراو، دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە هەواڵەی دادگا کرا و تا ئێستەش دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە دادگا بەردەوامە.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە و هەوڵی تەواوی داوە بۆ ئەوەی دەرمان و بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی کاریگەر و سەلامەت و کوالێتیی بەرز بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتییان.

"لەم ڕوانگەیەوە بۆ یەکەمجار هەنگاوی ستراتیجی و بوێرانە لە بواری دەرچوونی بنەما و ڕێنماییە یاساییەکان بۆ چاکسازیی دەرمان بۆ کوالێتی و کۆنتڕۆڵکردن و یەکخستن و جێگیرکردنی نرخ گیراوەتە بەر، کە پێویستە سەرجەم لایەنە پێوەندارەکان و سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان کە خاوەنی پێدانی ڕێگەپێدان و مۆڵەتی کردنەوەی دەرمانخانە و کۆگاکانن، بە تەواوەتی پابەندی ڕێنوێنییەکانى وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن". لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا وا هاتووە. 

كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان رای گەیاندووە، هەر بۆ بەرچاوڕوونی ڕای گشتی و هاووڵاتییان، سەرەڕای نەمانی دەرمانی ساختە و قاچاغ و نافەرمی، پڕۆسەی داشکاندن و دابەزاندنی نرخی سەرجەم دەرمان و بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە تێکرا بەرێژەی نێوان 17% تاوەکو 20% بەردەوامە، تەنها لە ساڵی 2024 بە بڕی نزیکەی 239 ملیار دیناری عێراقی جیاوازی هەرزانکردنی نرخ بە بەراوردی پێشوو بۆ بڕی هاوردەکراوی دەرمان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، کە دەرەنجام بۆ گیرفانی هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە.

هەروەك ئاماژەیش دراوە، کۆنتڕۆڵکردنی جۆر و جێگیرکردنی نرخ بۆ بەرهەمە دەرمانسازییەکان و بەستنەوەی بە سیستمێکی ستیکەری ئەلیکترۆنیی دژەساختە، مایەی گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان بوو.

زیاتر هاتووە، گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرانبەر هەر شوێنێک کە دەرمانی نافەرمی یان گرانتر لە نرخی جێگیرکراوی فرۆشتووه، یان دەرمان بە نرخی گوماناوی و زۆر جیاواز لە نرخی ڕەسەنی سەرچاوەیی فرۆشت بێت.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا باس لەوە كراوە، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان، لە ئێستەدا بەردەوامە لە پڕۆسەی هەرزانکردنی دەرمان و جێگیرکردنی لەسەر دەرمان و خوێندنەوە و چاودێریکردنی لەلایەن هاووڵاتییان بەمەرجێک جیاوازیی نرخ گونجاو بێت و گوماناوی نەبێت نەوەک بە دیاردەی گۆڕینی جۆر و ژەمەکان بەبێ ڕاوێژی پزیشکی چارەسەر لەپێناو چەواشەکردنی نەخۆش و بەرژەوەندیی تایبەتیی بازرگانی کە بەدڵنیایی جێگای قەبوڵکردن نابێت.

دڵنیایی جۆری دەرمان دڵنیایی داوە و دووپاتی كردووەتەوە، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کەوا بەردەوام دەبین لە پڕۆسە و ڕێکارەکانی چاکسازیی دەرمان و پێداچوونەوە و کەمکردنەوەی نرخ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هەر دیاردەیەکی نامۆ و نایاسایی لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بێت.

هاوكات لە راگەیەنراوەكەدا رێنوێنی ئەوەیش دراوە، بە هاووڵاتییانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین دەتوانن پێش کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، دڵنیا ببنەوە لە بوونی ستیکەری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی و تێڕوانین لە جۆر و نرخ و کوالێتی بە خوێندنەوەی ئەلیکترۆنیی کۆدی دەرمانەکە و بەکارهێنانی ئامێرەکانی دژەساختەی بەردەست لە دەرمانخانەکان.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان هاتووە، لەکاتی گومان و بوونی هەر دیاردەیەکی نامۆ یان نەبوونی ستیکەر و جیاوازی لە نرخی جێگیرکراو، دەتوانن بە هێڵە گەرمەکانی سەر کۆدی ستیکەر پێوەندی بە تیمەکانی چاودێریی بازاڕ بکەن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.


وشە - پۆڵا مەحموود