نەخۆشیی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و لەو سەردەمە بە هۆكاری جیاواز زۆر بڵاوە، بەتایبەتی جۆری دووەمی، كە مرۆڤ بەهۆی شێوازی ژیان و خۆراك و كەمجووڵانەوە و سترێس و خۆراكی ناتەندروست و هیتریش مەترسیی تووشبوونی هەیە، رەنگە یەكێك لەو تەمەنانەی بۆ مەترسیی تووشبوون سەرنجی ناخرێتە سەر منداڵی و هەرزەكارییە، پێویستە ئەوانیش وریا بن.
توێژەران لە زانكۆی رۆژهەڵاتی هۆڵەندا تیشك دەخاتە سەر كاریگەریی رێژەی بەرزی شەكرەی خوێن لەسەر تەندروستیی دڵی هەرزەكار دەكات، دەركەوت ئاستی بەرز و بەردەوامی شەكرەی خوێن و بەرگریی بۆ ئەنسۆلین دەبێتە هۆی شێوانی فەرمانی دڵ، بۆیە شێوازی ژیان و جۆری خۆراك رۆڵی گەورە لە پاراستنی ئەوان لەو تەمەنەدا دەبینێت.
بەرزیی رێژەی شەكری خوێن لە هەرزەكاران واتە زیادبوونی نائاسایی گلوكۆز لە خوێن، ئەوەش بە چەند هۆكارێك روودەدات، لەوانە گۆڕانكاریی هۆرمۆنی بەهۆی باڵغبوون كە كار لە وەڵامدانەوەی لەش بۆ ئەنسۆلین دەكات و بەرگریی بۆ ئەنسۆلین و بەرزیی رێژەی شەكری خوێن دروست دەكات، جیا لەوە ئاكاری خواردنی ناتەندروست، وەك زۆر خواردنەوە و خواردنی خۆراكی چەور و شیرین و كەجووڵانەوە كێشەكە قورستر دەكەن و قەڵەویش رۆڵی سەرەكی هەیە، چونكە چەوری زیادی لەش مەترسیی بەرگری بۆ ئەنسۆلین زیاتر دەكات.
توێژەران چاودێریی تەندروستیی 1595 هەرزەكاریان لە تەمەنی 17 بۆ 24 ساڵ كرد، دەركەوت 6.2%یان لە تەمەنی 17 ساڵی ئاستی شەكرەی خوێنیان 5.6 ملیمۆل/ لیتر زیاتر بووە، واتە لە قۆناغی پێش تووشبوونی شەكرەن، ئەوانەشی لە تەمەنی 24 ساڵن رێژەكە گەیشتە 26.9%، رێژەی ئاوسانی سكۆڵەی چەپی دڵ سێ هێند زیادی كرد.
بۆیە بەردەوامیی بەرزبوونی رێژەی شەكر لەو تەمەنانە پێوەندیی بە زیادبوونی ئاوسانی سكۆڵەی چەپی بە رێژەی 46% هەبووە و لە كاتی بەردەوامبوونی بەرزیی شەكری خوێن ئەو مەترسییە سێ هێند زیاتر بووە.