چۆن دەتوانین گەدەمان لە خواردنی تیژ بپارێزین؟

:: AM:09:34:29/04/2025 ‌
د. هاوار نەقشبەندی رای گەیاند، هەڵبژاردنی چەورییە تەندروستەكان وەك خواردنی كەمێك كەرە، ئەڤۆگادۆ، یان زەیتی زەیتوون پێش خواردنی تیژ، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی داخورانی ناوپۆشی گەدە.

د. هاوار نەقشبەندی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مەمك و غودە و كۆئەندامی هەرس و نازوور، لە نووسینێكدا ئاماژە بەوە دەكات، چۆن دەتوانین گەدەمان لە خواردنی تیژ بپارێزین؟ وەڵامەكەی بەم شێوەیە داوەتەوە:

سەرەتا شتێك بخۆ، دوور بكەوەرەوە لە خواردنی تیژ لەسەر سكی بەتاڵ.

بەرهەمە شیرەمەنییەكان بخۆ پێش خواردنی خۆراكی تیژ، وەك شیر و ماست و پەنیر، هەڵبژاردنی چەورییە تەندروستەكان، خواردنی كەمێك كەرە، ئەڤۆگادۆ، یان زەیتی زەیتوون پێش خواردنی تیژ، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی داخورانی ناوپۆشی گەدە.

بە هێواشی بخۆ، كات بدە بە گەدەت بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ ئاستی تیژییەكەدا بگونجێنێت. لەگەڵ كارب تێكەڵی بكە، برنج، نان، یان پەتاتە دەتوانێت یارمەتی هەڵمژینی هەندێك لە خواردنە تیژەكان بدات.

شلەی گونجاو بخۆرەوە، شیر، یان شەربەت بخۆرەوە بۆ ئارامكردنەوەی گەدەت.

دەستبەجێ دوای خواردن پاڵ مەكەوە، لانی كەم تا سەعاتێك دوای نانخواردن پاڵ مەكەوە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە.

چای گیایی بخۆرەوە، چای زەنجەفیل یان نەعنا دەتوانێت گەدەت ئارام بكاتەوە.



وشە - سۆران عەزیز