زۆر هەن پێیان وایە هەموو ئەوانەی دەچنە ناو تەمەنەوە، تووشی نەخۆشیی زەهایمەر دەبن، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ ئەوەی ئاشكرا كردووە كە زەهایمەر و لەبیرچوونەوە دوو حاڵەتی جیاوازن. توێژینەوەكە هیوای داوە كە مەرج نییە ئەوانەی بەساڵاچوون تووشی زەهایمەر ببن، دەتوانن شێوەی ژیانی تەندروستییان بگۆڕن و بایەخ بە راهێنانی مێشك و تێكەڵاویی كۆمەڵایەتی بدەن، بە ئەگەرێكی زۆر لە زەهایمەر دوور دەكەونەوە.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەو هەواڵەی لە گۆڤاری Ça mintéresse وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، زۆرجار بە هەڵە نەخۆشیی زەهایمەر باس دەكرێت یان شیكردنەوەی بۆ دەكرێت، وەك ئەوەی زەهایمەر تایبەت بە كەسانی بەساڵاچوو بێت، لە كاتێكدا كەم نین ئەوانەی لە تەمەنی گەنجی و مامناوەندیدا تووشی دەبن، جیالەوەی زەهایمەر و لەبیرچوونەوە دوو حاڵەت یان نەخۆشیی جیاوازن، هەروەها كەسانی بەساڵاچوو دەتوانن شێوەی ژیانی تەندروستییان بگۆڕن و بایەخ بە راهێنانی مێشك و تێكەڵاویی كۆمەڵایەتی بدەن، بەوەش لە زەهایمەر دوور دەكەونەوە.
ئەو گۆڤارە زانیارییەكانی لە چەندان پسپۆری بواری دەروونی وەرگرتووە و لە چەند خاڵێكدا، جۆری زەهایمەر و لەبیرچوونەوە و نیشانەكانیان دەستنیشان دەكات و هاوكات لەو خاڵانەدا هیوا بۆ مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە. ئاماژە دەدات كە زەهایمەر شتێك نییە جێگەی مەترسی و دڵەڕاوكێ بێت، چونكە نەخۆشییەكی ئاڵۆز نییە. هەروەها لەبیرچوونەوە واتای زەهایمەر نییە كە كەسانی بەساڵاچوو تووشی دەبن، بۆ ئەوەیش چارەسەر هەیە و لە زەهایمەر دوورتان دەخاتەوە.
كێشەكانی لەبیرچوونەوە مەرج نییە زەهایمەر بێت، دەبێ بزانرێ كەمخەوی و ماندووبوون و بەكارهێنانی هەندێك دەرمان، زۆرجار تووشی لە بیرچوونەوەتان دەكەن، بۆ ئەوەیش چارەسەرەكان روونن. هەروەها حاڵەتەكە تەنیا كەسانی بەساڵاچوو ناگرێتەوە، بەڵكو تەمەنی گەنج و مامناوەندیش دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە دوای 40 ساڵی. لەوەیش گرنگتر زۆرجار لەبیرچوونەوە پێوەندیی بە بۆماوەیی هەیە.
لە خاڵیكدا زۆرجار باس لە بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە دەكرێت وەك زەهایمەر پێناسە دەكرێت، لە كاتێكدا نەخۆشییەكانی دڵ و هەروەها دووركەوتنەوە لە راهێنانی جەستەیی هۆكاری لەبیرچوونەوەن و پێوەندییان بە زەهایمەر نییە، هاوكات پیسبوونی ژینگەیش هۆكارێكی ترە. هەروەها نەخۆشییەكە تەنیا پێوەست نییە بە زەهایمەر، بەڵكو هەڵسوكەوتی كەسی تووشبوو و جووڵانەوە و هەستی هۆش و سەرنج، نیشانەی لەبیرچوونەوەن نەك زەهایمەر.
لە خاڵێكی تریشدا باس لەوە دەكرێ، خەڵكێكی زۆرن هەن پێیان وایە زەهایمەر و لەبیرچوونەوە، دەرمان و چارەسەریان نییە، بەڵام راستییەكەی هەندێك دەرمانی نوێ بەرهەم هاتوون، هیوا بۆ تووشبوو دەگەڕێننەوە، بەلای كەمەوە حاڵەتەكە خاوتر دەكەنەوە و رێگە نادەن گەشە بكات. ئەویش پێویستە بەپێی رێنوێنیی پزیشكی پسپۆر بێت، چونكە ئەگەر هەیە بۆ هەندێك نەخۆشیی تر كاریگەریی هەبێت یان كاردانەوەی هەبێت.
هاوكات لە خاڵێكدا باس لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە دەكرێت، بۆ ئەوەیش پێویستە بایەخی زۆر بە تەندروستیی دڵ بدرێت و لەگەڵیدا راهێنانی ئەقڵ و مێشك گرنگن، لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بایەخی زیاتر بە تێكەڵاویی كۆمەڵایەتی بدرێت كە ئەوانە هۆكارن بۆ دووركەوتنەوە لە زەهایمەر.