ئەگەرچی جیاوازییەك لە نێوان منداڵان لە رووی دەست بە قسەكردن یان هەوڵدان بۆ قسەكردن هەیە، بەڵام ماوەیەكی دیاریكراو بۆ ئەو بابەتە هەیە و دەبێت گەشەی زمان و قسەكردن دەست پێ بكات، هاوكات دۆزینەوە و ئاشكرابوونی زووی كێشەكانی قسەكردن لە منداڵ یارمەتی چارەسەركردنی باشتر و خێراتری دەدات.
د. خالید غەرایبە پسپۆڕی نەخۆشیی منداڵان دەڵێت، چەند پێوەرێكی سەرەكی هەن پێویستە باوك و دایك و كەسوكاری منداڵ ئاگەداری بن، لەوانە منداڵ لە تەمەنی نۆ مانگی دەست بە دەربڕِینی هەندێك پیت و وشە دەكات، وەك دایە و بابە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر گەشەكردنی زمانی، بەڵام ئەگەر تەمەنی منداڵ گەیشتە ساڵێك و نیو و زمانی نەبووەوە، ئەوە مایەی نیگەرانییە و پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.
لە كاتی سەردانی پزیشك چەند پێوەرێك بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكەی هەیە، لەوانە ئاخۆ لەدایكبوونی منداڵەكە ئاسایی بووە یان نا، یان زەحمەتی لەكاتی لەدایكبوون هەبووە یان تووشی میكرۆب و نەخۆشی بووە، جیا لە لایەنی بۆماوەیی، واتە بوونی یەكێك لە باوان یان تۆماری خێزانیی ئەو حاڵەتە، یان پشكنین بۆ توانای بیستنی منداڵ دەكرێت، چونكە ئەوەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دواكەوتنی توانای قسەكردن.
ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە كە ئەگەر منداڵەكە كێشەی بیستن یان كێشەی لە دەم و ددان و زمان و لێوەكانی هەبێت، ئەوانە كار لە توانای قسەكردنی دەكەن، بۆیە ئەگەر منداڵ یەكێك لەوانەی هەبێت، پێویستە كەسوكاری پزیشك ئاگەدار بكەنەوە و چارەسەری بۆ بكرێت.