جگەر یەكێكە لە ئەندامە گرنگەكانی لەش كە بەرپرسە لە رزگاركردنی لەش لە ژەهرەكان، بۆیە ئەگەر تووشی كێشە بووەوە، ئەگەری هەیە لەكار بكەوێت و نەتوانێت فەرمانەكانی بەجێ بگەیەنێت، لەوانە رزگاركردنی لەش لە ژەهرەكان و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بۆ ئەندامەكانی تر و رێگرتن لە كەڵەكەبوونی چەوری و هیتریش، لە نیشانەكانی
تێكچوونی جگەر:
*زەردوویی، یەكێك لە فەرمانەكانی جگەر رزگاركردنی لەشە لە بۆیەی بیلیرۆبینی رەنگ زەرد، كە لە تێكشكانی خڕۆكە سوورەكانی خوێن دروست دەبێت، ئەوكاتەی جگەر ناتوانێت ئەوە بكات، لە لوولەكانی خوێن كۆ دەبێتەوە و نیشانەكانی زەردوویی دیار دەكەوێت، وەك زەردهەڵگەڕانی پێست و چاوەكان و ناوەوەی دەم.
*خوێنبەربوون و پەڵەی كاڵی پێست، ئەوكاتەی جگەر ناتوانێت خوێنبەربوون بوەستێنێت، دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی خوێن لە چەند ناوچەیەكی لەش و پەڵەی كاڵ دروست دەبێت.
*ئاوسانی سك و قەتیسبوونی شلە لە شانەكانی لەش، لەوانە لە قاچ و هەناسەتەنگی و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە پەتا و هەوكردن دروست دەكات.
*شەكەتی و ماندووبوون و داهێزران، لە نیشانەی تێكچوونی جگەرن، بەهۆی بێتوانایی لە كردنەدەرەوەی ژەهرەكان و بەرهەمهێنانی وزە و هەرسكردنی مادە خۆراكییەكان، بۆیە داهێزران و مشەوەشیی مێشك دروست دەبێت.
*گۆڕانی رەنگی میز، ئەوكاتەی جگەر نزیكە لە تێكچوون، كاریگەریی لەسەر رەنگی میز و پاشەڕۆ دروست دەبێت، رەنگی میز وەك رەنگی چا كاڵ دەبێت و رەنگی پاشەڕۆش بەرەو خۆڵەمێشی دەچێت.
*گۆڕانكاری لە كەسایەتی، مشەوەشیی مێشك و گۆڕانكاری لە كەسایەتی ئەو كەسە روو دەدات، بەهۆی كەڵەكەبوونی ژەهرەكان لە خوێن و كاركردنی لە مێشك، دەبێتە هۆی لەدەستدانی یادەوەری و تێكچوونی میزاج و شڵەژان و شێوانی قسەكردن و زەحمەتیی سەرنجدان و لەرزینی دەست و لەهۆشخۆچوون.
*كێشە لە كۆئەندامی هەرس و ئارەزووی خواردن، ئەوان هەست بە هێڵنجی بەردەوام دەكەن و دەڕشێنەوە، جیا لە كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و لەدەستدانی كێش و بەدخۆراكی.