رێگەكان زۆرن بۆ باشتركردنی دۆخی دەروونیی هەرزەكاران

:: AM:10:19:30/04/2025 ‌
هەرزەكاران بەپێی ئەو قۆناغەی ژیانیان بەڕێوەی دەبەن، بەراورد بە كەسانی تری گەورەتر، زۆرجار تووشی كێشەی دەروونی دەبن، لەلایەك بەپێی تەمەنەكەیان و لەلایەكی تریشەوە هۆكارەكانی دەرەوە وەك ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان پێوەندییەكانیان لەگەڵ هاوڕێكانیان لە قوتابخانە و دەرەوە، بۆ ئەوەی گەورەكان بتوانن لە كێشەكانیان یان لە هەڵسوكەوتەكانیان هاوكار بن یان یارمەتییان بدەن، چەند رێگە هەن گرنگە لەگەڵ هەرزەكاران پێڕەو بكرێن.

پێگەی "عەرەبیە" هەواڵەكەی لە پێگەی "بی سایكۆلۆجی تودەی" وەرگرتووە كە تایبەت بەو بوارەیە، زانیارییەكانی لە چەندان پسپۆری بواری دەروونی وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، رێگەكان بۆ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ هەرزەكاران زۆرن كە وا دەكەن لە كێشە دەروونییەكان دوور بكەونەوە، چونكە كەسی هەرزەكار كاتێك پێوەندییەكانی دەچێتە دەرەوەی خێزان، ئەوكات تووشی پێوەندیی جۆراوجۆر دەبنەوە و رەنگە بەهۆیانەوە تووشی كێشەی دەروونی بێت. پسپۆران چەند رێگەیەك بۆ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ هەرزەكاران بەباش دەزانن كە كلیلی چارەسەری كێشەكانیانن.

بەرلە هەر شتێك گرنگە گەورەكان یان بەئەزموونەكان وا بكەن هەرزەكار بڕوای بەخۆی هەبێت و لە كۆنترۆڵكردنی دوور بكەونەوە، بەتایبەتی ئەوان ئەزموونیان لە ژیان زۆرە و دەتوانن یارمەتیی هەرزەكاران لە هەڵسوكەوتەكانیان بدەن، نەك بیانەوێ كۆنترۆڵی هەموو هەڵسوكەوتەكانیان بكەن و رێگە نەدەن بڕوایان بەخۆیان بێت، ئەگەر وا نەكەن ئاكامەكەی بە نەرێنی لەسەریان دەشكێتەوە، بۆیە گرنگە رێگە بدەن هەرزەكاران كار بۆ ئامانجەكانیان بكەن و دەتوانن لە دوورەوە چاودێر بن و لە كاتی هەڵەكردندا یارمەتییان بدەن.

هەمیشە گەورەكان دەیانەوێ كاریگەریی بڕواكانیان و ئەوانەی ئەزموونیان كردووە و پێیان باشە، لە هەڵسوكەوتی هەرزەكاراندا رەنگ بدەنەوە، كەمتر بایەخ بە ویستەكانیان دەدەن كە ئەوەیش تووشی كێشەیان دەكات بەتایبەتی كێشەی دەروونی، بۆیە گرنگە گەورەكان راستگۆیانە بۆچوونەكانیان بەهێمنی بدەنە هەرزەكاران، لەوەیش زیاتر ئازادیی هەڵسوكەوتكردن بۆ خۆیان جێبێڵن.

ئەگەر هەرزەكارێك هەڵەی كرد، ناكرێ راستەوخۆ سەركۆنە بكرێت، لەبری ئەوە پێویستە یارمەتی بدرێ و بڕوای لەلا دروست بكرێت بۆ چارەسەر. ناكرێ لە هەڵەیەكدا پێی بگوترێ "تۆ هەمیشە ئەو هەڵەیە دووبارە دەكەیتەوە"، "تۆ هیچ كاتێك فێر نابیت"، ئەو جۆرە رستە و دەستەواژانە وا دەكات هەرزەكار بڕوای بەخۆی لاواز بێت و بەهۆیەوە تووشی كێشەی دەروونی دەبێت یان كێشەی گۆشەگیری.

زۆر ئاساییە ئەگەر هەرزەكار هەڵە بكات ئەگەر هەڵەكەی گەورەیش بێت، چونكە ئەوە پێوەست بە سروشتی گەشەكردنیەتی، بۆیە گرنگە بەهێمنی هەڵەكان راست بكرێنەوە. هەرزەكاران پێویستیان بەوە هەیە بزانرێ خۆشەویستیی گەورە بۆ ئەوان مەرجدار نییە، بۆیە ناكرێ لە هەڵەكاندا تووشی شەرمەزاری بكرێن، دەبێ ئەوەش بزانرێ كە زۆر سەركۆنەكردن و كۆنترۆڵكردنی هەرزەكار، جار هەبووە كاردانەوەی خۆكوژیی بەدواوە بووە بەتایبەتی لەلایەن هەرزەكارە لاوازەكان.

بەردەوام هەوڵ بدەن و وای پێشان بدەن كە سەرسامی خۆیان و هەڵسوكەوتەكانیانن، بەردەوام ئەوەیان پێ بڵێن كە لەگەڵ گەورەبوونیان ئەقڵیشیان گەورەتر بووە، دەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر ویستەكانیان بدەن، هان بدرێن بە راستگۆیی و پاكی و بەسروشتی خۆیان بمێننەوە. هەر كاتێك شتێكی نوێیان كرد، هانیان بدەن و سوپاسیان بكەن كە كاری باشیان كردووە، ئەوەیش وا دەكات بڕوایان بە خۆیان هەبێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د