یەكێك لەو نەخۆشیانەی ساڵانە سەتان هەزار كەس دەكوژێت، كێشە جیاجیاكانی دڵە، رەنگە جیاوازییەك لە ئەرك و كاردانەوە و بەرپرسیارەتیی ژن و پیاودا هەبێت، بە گشتی نەخۆشی دڵ لە هەردوو رەگەز مەترسیدارە، بەڵام ژنان كە ئەركی كەمتر دەكێشن و كەمتر پشكنین دەكەن، نیشانەكانیان ئەوەندە زەق و بەهێز نابێت بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتەكانیان، ئەوەش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانیان.
بەپێی
شارەزایانی تەندروستی، ژنان جیاواز لە پیاوان بە دەست نەخۆشییەكانی دڵەوە دەناڵێنن، كە بكوژی یەكەمی ژنانە، ئەوان دەتوانن بە چەند نیشانەیەك بە حاڵەتەكە بزانن، لەوانە، نارەحەتیی لە سینگ لە بری ئازاری راستەخۆ، ئەوان هەست بە گوشار و تەنگی و گرتنی سینگیان دەكەن، لە كاتی كاركردن و تەنانەت حەسانەوەش، هەناسەیان تەنگ دەبێت و رەنگە ئازاری سینگی لەگەڵدا نەبێت.
ماندووبوونی بەردەوام و توند و بێ هۆكار رەنگە چەند رۆژێك یان چەند هەفتەیەك بخایەنێت، هێڵنج و بەدهەرسی و سووتانەوەی گەدە و هەستكردنی بە دڵپڕی، ئازاری هەندێك ناوچەی لەش وەك پشت و مل و شەویلاك و گەدە، بەتایبەتی ئازاری كتوپڕ و بێ هۆكار دەبێت، ئارەقەكردنێكی بێ هۆكار كە هەناسەتەنگی و هیڵنجی لەگەڵ دەبێت، ژنان ئارەقەیەكی سارد دەكەن، دڵەكوتێ و لێدانی ناڕێكی دڵ دەگرن و هەست بە خێرابوونی لێدانی دڵیان دەكەن.